ئایەتوڵڵا عزەدین ئەلحەکیم بۆ KDP: متمانەی تەواومان بە حیکمەتی سەرۆک مسعود بارزانی هەیە

نەجەف-KDP.info- یەکێک لەمەرجەعە گەورەکانی شیعەی عیراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەئکیدی لە ڕۆڵی کورد و سەرۆک بارزانی لە عێراق و زەرورەتی پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی کورد و شیعەی کردەوە و گوتی، کورد برای دین و مرۆڤایەتی ئێمەن و سەرۆک مسعود بارزانی جێگەی متمانەی عیراقیەکانە.
ئایەتوڵڵا عزەدین ئەلحەکیم کوڕی ئایەتوڵڵا سەعید ئەلحەکیم کە یەکێکە لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراقدا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری نەجەف گوتی، "پەیوەندی کورد و شیعە لە مێژوودا تۆمارکراوە و بۆ سەردەمی هەردوو مەرحوم سەماحەتی موحسن ئەلحەکیم و مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژە سەختەکانی عێراقدا هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بوون، لە عێراقی نوێشدا پێویستە درێژە بەو هەڵوێستە مێژوییانە بدەین کە لەنێوان کورد و شیعە هەبووە و نابێ لێدوانی هەندێ کەسی لابەلا و گۆڕانکاری و جیاوازیە سیاسیەکان و جەمسەرگیریە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ببێتە هۆی تێکچونی پەیوەندی کورد و شیعە.
سەماحەتی ئایەتوڵڵا عزەدین حەکیم کە لەهەمان کاتیشدا بەرپرسی ناوەندی (ئیمام حوسێن)ە بۆ گفتوگۆ و دروستکردنی ئاشتی لە عێراقدا کە بارەگای سەرەکی لە شاری نەجەفە لەدرێژەی دیمانەکەیدا لەگەڵ مهریوان نهقشبهندی گوتی، "ئەو کێشە و ناکۆکیە سیاسیانەی بونەتە هۆی دوورکەوتنەوەی کورد و شیعە لەیەکتر، دەبێ بەزوترین کات چارەسەر بکرێت و ئێمە وەک مەرجەعیەتەکانی شیعە متمانەی تەواومان بە حیکمەتی سەرۆک مسعود بارزانی و خەڵکی کوردستان هەیە کە دەتوانین پێکەوە بە ئاشتی بژین و دەبێ هەروەک چۆن کورد و شیعە بونیادنەری عێراقی نوێ بوون لە ئایندەشدا هەر بەو برایەتیە بمێننەوە و ببنە هەوێنی سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، لە کۆتایی دیمانەکەدا ئایەتوڵڵا عزەدین ئەلحەکیم گوتی، "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە کە هیوادارین سوودی لێوەربگرین بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەرتاسەری عێراقدا، گوتیشی، "دەبێ پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتایهێنان بە توندڕۆیی و وتاری ڕق و کینە کە بەداخەوە ماوەیەکە لە عێراق و زۆربەی جیهانی ئیسلامیدا زیادی کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بونەتە مینبەرێک بۆ خەڵکی جوێنفرۆش و توندڕۆ، ئەم وتارە ناجۆرانەش ئەگەر چارەسەری نەکەین دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
دیمانە - مەریوان نەقشبەندی




