فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن نین

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چەند جارێک ماوەی کۆمسیۆن درێژ کراوەتەوە، کاتی ئەوە ھاتووە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت نەک ماوەی بۆ درێژ بکرێتەوە، بۆیە ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن نین.
دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "چەند جارێک کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ وادەکەی درێژ کراوەتەوە، ئەو درێژکردنەوە باش نییە و زیان بە دیموکراسیەت دەگەینێت، بۆیە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێتەوە، ئەوەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، بۆیە پەرلەمان دەیەوێت جارێکی دیکە وادەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، ئێمەش لەگەڵ ئەوە نین، پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت، چونکە کاتێکی باش بۆ ھەڵبژاردن ماوە و دەتواندرێت لەو ماوەیە ئەو ستافەی دادەنرێت باش شارەزای ھەڵبژاردن بن.
دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو گوتیشی، "خۆی سەرۆکی پەرلەمان داوای کردبوو ئەمڕۆ دانیشتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن بکرێت، بەڵام بۆ ھەر دانیشتنێک پێویستە سەرۆک و ھەردوو جێگر ئیمزا لەسەر کارنامەکەی بکەن، نوێنەری ئێمە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا ئیمزای لەسەر نەکردبوو و ڕازی نەبوو ماوەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، چونکە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە دابنرێت".
خۆشناو باسی لەوەش کرد، "پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری لە کۆمسیۆن ھەبوو، کشایەوە، ئێستا ئەگەر کۆمسیۆن دابنرێتەوە ئێمەش مافی خۆمانە نوێنەرمان لە کۆمسیۆن ھەبێت، بۆیە باشترە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت".
بڵند ئیبراھیم




