شاخەوان عەبدوڵڵا زانیاری له بارهی مووچەی مانگهكانی 11 و 12 دهخاتهڕوو

ههولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند، بڕیاره ئەمڕۆ دووشەممە، تەواوکاری مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت و بۆ مووچهی مانگی 12ش گوتی، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی هەموو دامودەزگاکانی عێراقیش نەدراوە.
ئهمڕۆ دووشەممە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "گفتوگۆکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە."
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "هەفتەی ڕابردوو بڕیار درا ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، تەواوکاری مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
لەبارەی مووچەی مانگی 12ـش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی هەموو دامودەزگاکانی عێراقیش نەدراوە (نەک تەنیا هەرێمی کوردستان) و کێشەی سیوولەی نەقدی هەیە."




