٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە شەقامی کەرکووک تا کەندی قەتەوی دانرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و باشترکردنی سیستەمی ئاوەڕۆ، بەردی بناغەی گەورە پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی کەرکووک لە نزیک شووقەکانی شەھیدان لە گردەڕەشە تا کەندی قەتەوی لە ھەولێر دانرا.

ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤-١٢-٢٠٢٤ لە ڕێوڕەسمێکدا لەژێر چاودێری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری ھەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی ھەولێر و ژمارەیەک فەرمانگەی دیکەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (٦ ملیار و ١٩٢ ملیۆن دینار) لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری ھەولێریش بۆ میدیاکان تیشکیان خستە سەر گرنگیی پڕۆژەکە بۆ شاری ھەولێر.

سەرەتا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەی پڕۆژەکە ڕایگەیاند: گوژمەی پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی کەرکووک نزیک گردەڕەشە تا کەندی قەتەوی، زیاتر لە ٦ ملیار دینارە و لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت و ماوەی ٤٥٠ ڕۆژی تەقویمی بۆ دیاریکراوە کە بە قەبارەی جیاواز جێبەجێ دەکرێت و مەنھۆڵ و کەناڵی کراوەشی تێدایە.

ھەروەھا سەبارەت بە بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت، ساسان عەونی ڕایگەیاند: لەژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، پڕۆژەکانی حکوومەت بەردەوام دەبن و لە ھەر شوێنێک کە پێویست بە خزمەتگوزاری و کاری زیاتر ھەبێت، سەرەڕای ئەو بارە نائاساییەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕووی داراییەوە تێیدایە، بەڵام پڕۆژە و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان بەردەوامن.

دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر بۆ میدیاکان قسەی کرد و باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە بۆ شاری ھەولێر و سنوورەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین کە لە ژێر چاودێری و بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە لە شاری ھەولێر دادەنێین کە بەشێکە لە خواستی خەڵکی ناوچەکە و بەشێکیشە لە پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و چارەسەرکردنی ئاستەنگی ھاتووچۆ لە کاتی بارانباریندا.

هەواڵی پەیوەندیدار