٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ساڵی دابێ، پرۆسەی سەرژمێری ئاژەڵ ئەنجام دەدرێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەھۆی ئەوەی نزیکەی ١٠ ساڵە سەرژمێری ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە بەنیازن لە ساڵی داھاتوو پرۆسەکە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بزانن ژمارەی ئاژەڵی بچووک و گەورە لە ھەرێمی کوردستان چەندە و لەسەر ئەو بنەمایە پلان بۆ گەشەسەندنی ئەو کەرتە دابنرێت.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سەرژمێری ئاژەڵان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە، تا ئێستاش گۆڕانکاری زۆر لە سەربڕینی ئاژەڵ و زووزێی ئاژەڵ و فرۆشتنی ئاژەڵ ڕووی داوە، ئەوە جگە لە گۆڕانکاری لە نرخی ئاژەڵ و کاریگەری وشکەساڵی، ئەمانە ھەر یەکێک بە ڕێژەیەک کاریگەری لەسەر کەمبوون و زۆربوونی ئاژەڵ ھەبووە، بەھۆی وشکەساڵی خەڵکێک وازی لە ئاژەڵداری ھێناوە و خەڵکێکیش بەھۆی زیادبوونی نرخی ئاژەڵ ڕووی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کردووە، ئەمانە ھەمووی وای کردووە سەرژمێری بکەین بۆ ئەوەی بزانین چەند ئاژەڵمان ھەیە، بۆ ئەوەی ستراتیژ و پلان دانێین، بۆ ھەموو پلانێکیش پێویستە سەرژمێری ھەبێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بۆ گەشەسەندنی کەرتەکە.

فیراس سدیق گوتیشی: سەرژمێری بۆ ھەموو جۆرە ئاژەڵێک دەکرێت و ژمارە لە گوێیان دەدرێت و بارکۆدی لەسەرە و داخیلی کۆمپیۆتەر دەکرێت، تەواوی زانیاری ئاژەڵەکەی تێدا تۆمار دەکرێت، ئەو مەبەستەمان  لەگەڵ ڕێکخراوی "یو ئێن دی پی" باس کردووە، ئەوانیش ئامادەیییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەساڵی داھاتوو جێبەجێی بکەن.

فیراس سدیق گوتیشی: لە دواین سەرژمێری ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ چوار ملیۆن و٥٠٠ھەزار ئاژەڵی بچووک  و ٢٥٠ھەزار ئاژەڵی گەورە ھەبوو، بۆیە پێشبینی دەکرێت بەھۆی وشکەساڵی و ھۆکاری دی ژمارەیان بگاتە ٥ملیۆن سەر ئاژەڵ.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار