٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری حکوومەت لە ئەورووپا بۆ KDP: سەردانی سەرکردەی وڵاتان بۆ ھەرێم زیاتر دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتی ئەورووپا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا دەڵێت، بەھۆی بەھێزی پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و هەروەها بەهۆی ئەو سەقامگیریەی ھەیە لەمەودوا سەردانی سەرکردەی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبێت، چونکە ئەورووپا لەگەڵ ھەرێمی کوردستانێکی بەھێزدایە و تاکە ناوچەی سەقامگیرە لە ناوچەکە.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەرێت، به‌ڵام ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە بتوانێت پێگەی خۆی بەھێزتر بکات، چونکە ئەو گۆڕانکاریەی ڕوودەدەن ڕەنگە تاچەند دەیەی دیکە ڕوونەدەنەوە، بۆیە ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندی باشی نێودەوڵەتی ھەیە بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا، چونکە وڵاتانی ئەورووپا لە ھەرێمی کوردستان بوونیان ھەیە و سەردان و بانگھێشتی شاندەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و پەیوەندی باشیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و ڕاشکاوانە دەڵێن پشتگیری لە کوردستانێکی بەھێز دەکەن.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەورووپا باس لەوەش دەکات: سەردانی سەرکردەی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پەیامێکە بۆ ھەرێمی کوردستان و بۆ دەوروبەر کە وڵاتانی ئەورووپا پاڵپشتی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمە دەبێتە ھۆکارێک ھەرێمی کوردستان لەڕووی دیبلۆماسی و پەیوەندی نێودەوڵەتی پێگەکەی بەھێزتر دەکات ئەمەش بۆ ھەرێمی کوردستان و وڵاتانیش زۆر گرنگە، چونکە ناوچەکە بەقۆناغێکی ھەستیار تێپەڕدەبێت و ھەرێم تاکە شوێنە ئەمن و ئاسایشی بەرقەرارە و جگە لەوە ھەرێم ڕۆڵی بەرچاوی ھەیە لە لێک نزیککردنەوەی ئەوانەی تووشی قەیران بوونە، بۆیە پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێزتر دەکات بۆ ئەوەی لە داھاتوو ڕۆڵێکی زیاتر بۆ سەقامگیریەکی زیاتر ببینێت، بەتایبەت بۆ ئەورووپا سەقامگیری زۆر گرنگە و حەز ناکەن ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و ناسەقامگیری و شەڕ بچێت، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی سەردانەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان ئەمەش وادەکات وڵاتان زیاتر گرنگی بە پێگەو ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان بدەن.

ئاژگەیی ڕوونیشی کردەوە: گرنگە لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو زیاتر لێک نزیکببنەوە ئەمەش بە شاھێدی وڵاتانی ئەورووپا و پیرۆزباییان لە خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم کرد، بۆیە گرنگە پەرلەمان کۆببێتەوە و حکوومەت پێکبێت بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت و لە ڕابردووش بینیویەتی.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار