د.محەمەد شوکری بۆ KDP: سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەحرەین ئەنجامی زور باشی ھەبوو

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەحرەین ئەنجامی زۆر گرنگی ھەبوو، بە تایبەت کردنەوەی کۆنسووڵخانە و دەستپێکردنەوەی ھێڵی ئاسمانیی نێوان ھەولێر و مەنامە، کە ئەمانە دوو دەستکەوتی گەورەی ئەو سەردانە بوون.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەحرەین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەحرەین زۆر بایەخدار بوو و کاتەکەشی زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت لە ڕووی رێکخستنەوەی کاروباری بەڕێوەبردن و بەدیجیتاڵکردن، کە دەکرێت لە زۆر بابەتی ئابووری سوود لە ئەزموونی وەبەرھێنان و رێکخستنی بانکەکان لە بەحرەین وەربگرین، کە یەکێکە لە سەنتەرە گرنگەکانی دارایی لە جیھان و ھەرێمی کوردستانیش لە سەروبەندی رێکخستنەوەی بانکەکانە، بۆیە سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت لەو ھاوکاریانەی پێشکەشی ھەرێمی کوردستان دەکرێت لە ڕووی تەکنیکی لەلایەن بەحرەینەوە.
شوکری گوتیشی: دوو دەستکەوتی دیکەی گرنگی ئەنجامی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەحرەین، کردنەوەی کۆنسووڵخانە و ھێڵی ئاسمانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەحرەین بوون، بۆیە دەستکەوتی باشی ئابووری و کارگێڕیی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت لە داھاتوودا و ھەبوونی ئەو پەیوەندییەی سەرۆکی حکوومەتیش لەگەڵ مەلیک و کاربەدەستان، لە داهاتوودا ئەنجامی زۆر باشی بۆ گەلی کوردستان دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




