عارف ڕوشدی باسی ھۆکاری سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە ھەڵبژاردن دەکات

ھەولێر -KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران، عارف روشدی دەڵێت، چەند فاکتەرێک بوونە ھۆکاری ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت.
عارف ڕوشدی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، جارێکی دیکە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە دەنگ و پشتگیری خۆیان توانیان گەورەیی پارتی بپارێزن، ئەوەش بۆ ھۆشیاری خەڵک دەگەڕێتەوە کە پارتی ئەو ھێزە سیاسییەیە بتوانێت پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بکات و ھیچ کات سازش لە مافی خەڵکی کوردستان نەکات، جگە لەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوو پارتی لە رێگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی حکوومەت و وەزیرەکان و دامەزراوەکان، خزمەتێکی باشی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە بەبێ جیاوازی، بۆیە خۆڕاگری پارتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و سیاسەتە ڕوونەکی وای کرد ئەو خەڵکە جارێکی دیکە متمانە بە پارتی بکەن و لە پلەی یەکەم بیهێڵنەوە.
عارف ڕوشدی گوتیشی: خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان وەڵامی ھەموو نەیارانی کوردستان و پارتیان دایەوە، چونکە سەنگی مەحەک دەنگی خەڵکە و پشتگیری لە کامە لایەنی سیاسی بکەن ئەو لایەنە ڕاستە، ئەوانەی باسیان لەوە دەکرد دەنگ بە پارتی نادرێت زۆر سادە بوون، چونکە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەزانێت بەرژوەندی لە کوێیە و دەبینێت کێ خەمی خەڵکیەتی وبەرگریئ لەمافەکانیان دەکات، خزمەتکردن و دڵسۆزی وخۆراگری پێوەرە بۆ ئەوەی خەڵک پشتگیری لە لایەنەکان بکات.
روشدی باسی لەوەش کرد، سیاسەتی دروستی نیشتمانی و نەتەوەیی پارتی گەرەنتی دەدات پارتی لە داھاتووش لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکەم بمینێتەوە، بۆیە ھیوادارین زیاتر خزمەتی خەڵک بکەین، پارتی ھەمیشە بە سینگێکی فراوان چۆتە ھەڵبژاردن، لە بانگەشەش پەیامی خۆی گەیاند و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتکردن، چونکە سەرۆک بارزانی لە ھەڵبژاردنی ٢٠/١٠ باسی لەوە کرد "پێویستە یەک ھەرێم و یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت" ئەوەش داواکاری خەڵکە و سیاسەتی سەرۆک بارزانی و پارتی لە ھزر و باوەڕی خەڵک وەرگیراوە بۆیە سیاسەتێکی ڕاستە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا و ٣٩ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار دەنگی زیاتر بووە.
بڵند ئیبراھیم




