نەوزاد هادی: وەکو پارتی پاڵپشتی هەموو کارێکی زانستی و ئەکادیمی دەکەین

نەینەوا-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا و شاندێکی یاوەری سەردانی زانکۆی نەینەوایان کرد و لەلایان ڕاگری کۆلێژ و کۆمەڵێک لە پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ پێشوازییان لێکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٤/١١/٢٧، نەوزاد ھادی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا و شاندێکی یاوەری کە پێکھاتبوو لە عەلی خەلیل بەرپرسی لقی ١٤ و نازم ھەرکی بەرپرسی لقی ١٧ و سیروان ڕۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا، سەردانی زانکۆی نەینەوایان کرد و لەلایان دکتۆر عاید ڕاگری کۆلێژ و کۆمەڵێک لە پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ پێشوازییان لێکرا.
لای خۆیەوە نەوزاد ھادی دەستخۆشی و سوپاسگوزاری خۆی ئاراستەی ڕاگری کۆلێژ و ستافی زانکۆکە کرد لەبەرامبەر خزمەتکردن بە بەرەو پێشبردنی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لەو ناوچەیە، ھەروەھا نەوزاد ھادی سوپاسی ئەو وەبەرھێنەرەی کرد کە ڕۆڵی ھەبووە لە دامەزراندنی ئەو شوێنە و ڕایگەیاند کە کارێکی زۆر گرنگ و پیرۆزە و دەبێتە ھۆی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ و ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە.
لە درێژەی وتەکانیدا نەوزاد ھادی پاڵپشتی و پشتگیری و پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەربڕی بۆ زانکۆکە و ستافی زانکۆ و ڕایگەیاند، کە وەکو پارتی پاڵپشتی ھەموو کارێکی زانستی و ئەکادیمی دەکەین کە لە بەرژەوەندی خەڵک و پێکەوەژیانی ئاشتی و ئایینی و بەرەوپێشبردن بێت.







