ئهمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانی سلێمانی دەکات

ھەولێر-KDP.info- شاندی دانوستانکاری پارتی بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبێتەوە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، شاندی پارتی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری سلێمانی دەکات.
دڵشاد شەهاب کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییە، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییان بە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە کردووە و لەگەڵ هەمووان کۆ دەبنەوە "تەنانەت ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆشیان ڕاگەیاندووە." ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانن لەگەڵ هەمووان کۆ ببنەوە، بەڵام سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت.
لە وەڵامی پرسیاری ئهوهی "ئەمڕۆ لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆ دەبنەوە؟" دڵشاد شەهاب گوتی، "دەمانویست بەپێی ڕێزبەندی کورسیی و دەستکەوتی هەڵبژاردن، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ ببینەوە، سەرەتا دەمانویست لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کۆ ببینەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەیە، ئەمڕۆ ناتوانین لەگەڵیان کۆ ببینەوە. بە دڵنیاییەوە لە پەیوەندیداین و ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت."
بە گوتەی دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، "هەموو لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە لەگەڵ ئێمە کۆ ببنەوە و ئێمە هەموومان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشمان لەسەر شانە."
دڵشاد شەهاب دووپاتیشی کردەوە دەرگای پارتی بە ڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکاندا کراوەیە و دەیانەوێت حکوومەتێکی بنکەفراوان پێک بهێنن. وەکوو خۆی گوتی، یەکێک لە بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم "ڕێزگرتنە لە دەستەکەوتهی هەڵبژاردن و پارتیش براوەی یەکەمە، بۆیە دەبێت ڕێز لە دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت لە کاتی گفتوگۆکان."




