د. ھێمن ھەورامی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥-١١-٢٠٢٤، د.ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و تیمی سیاسیی کونسوڵخانەکە کرد.
لە دیدارێکدا سەرەتا کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە ھەڵبژاردنەکەدا کرد.
دواتر د. ھێمن ھەورامی، بەوردی تیشکی خستە سەر دەرئەنجامی ھەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی دەستپێکردنی گفتوگۆی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕایگەیاند: "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ڤیتۆمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە و جەخت لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو دەکەینەوە".
ھەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە کرا و جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کرایەوە.





