پرسەنامەی سەرۆکی حکوومەت بۆ کۆچی دوایی ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی ماڵباتی ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا کرد.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ کۆچی دوایی زاھیر عەبدوڵڵا
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ھونەرمەندی ناسراوی کوردستان زاھیر عەبدوڵڵا دەکەم، کە ھونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و خزمەتێکی زۆری ھونەری شانۆ و سینەمای کوردی کردووە و کەسایەتییەکی ھونەریی دیاری شاری ھەولێریش بوو. خوای مەزن گیانی بە بەھەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵەکەی ببەخشێت.
ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ ئێوارە، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی ھەولێر لە دایک بووە، یەکێکە لە ھونەرمەندە دیارەکانی کوردستان کە لە چەندان دراما و شانۆدا بەشداریی کردووە.
ھونەرمەند لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بە ناوی "ئەنجامی پوولپەرستی" دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.




