هۆشیار سیوەیلی: ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانێکی تاریک و ترسناک

کەمبۆدیا-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا لە فنۆم پین، شانشینی کەمبۆدیا، کە لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بە ناونیشانی (گەڕان بەدوای ئاشتی و ئاشتبووەنەوەدا) بەڕێوە چوو، وتارێکی پێشکەش کرد، ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیە:
بەڕێز سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی ICAPP..
بەڕێز سەرۆکی پارتی گەلی کەمبۆدیا..
بەڕێز جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کەمبۆدیا و سەرۆکوەزیرانی شانشینی کەمبۆدیا..
بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی هەمیشەیی ICAPP..
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئهم كاتهتان باش..
خۆشحاڵم کە جارێکی تر لەگەڵتانم بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە یەکێکە لە پارتە سیاسییە گەورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003وە هاوبەشی سەرەکی بووە لە پێکھێنانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵی گرنگی ھەبووە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و چوارەم گەورەترین نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە، ئەوانیش تورکیا، ئێران، عێراق و سووریایە. هەریەک لەو وڵاتانە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن. لە کاتێکدا کورد لە عێراقدا پلەیەکی باش لە فیدراڵییەتی بەدەست ھێناوە کە لە دەستووری فیدراڵیدا چەسپاوە، کورد لە سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان هێشتا لە خەباتدایە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خۆی.
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1946، لە پێشەنگی بەرگریکردن بووە لە گەلی کوردستان و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی لە عێراقدا. پارتی دیموکراتی کوردستان بەهاکانی دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کۆدەکاتەوە و سیستمێک پێکدەهێنێت، کە هەمووان لە کوردستان و عێراقدا بتوانن لەسەر بنەمای یەکسان بژین و جەختێکی زۆر لەسەر ماف و ئازادییەکانی تاکەکەسی دەکاتەوە.
هەرێمی کوردستانی عێراق کە کۆی ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە شەش ملیۆن و نیو کەسە، ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامە. سیستمی سیاسی عەلمانی و دیموکراسییەکەی، لە ناوچەیەکی زۆر ناجێگیردا دەرفەتی گەشەکردن و خۆشگوزەرانیی ڕەخساندووە. هەرێمی کوردستان بە فرەچەشنی ئایینی و نەتەوەیی ناسراوە و سیاسەتەکانی بۆ پەرەپێدانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی داڕێژراون. هەرێمەکەمان و هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان بینی لە تێکشکاندنی داعش و پەنایان بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەران دابین کرد، کە لە دڕندەییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەدناوەدا هەڵهاتبوون.
هەرێمی کوردستان مانگێک پێش ئێستا هەڵبژاردنێکی ئاشتیانە و شەفافی ئەنجام دا کە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەدان چاودێری نێودەوڵەتی چاودێرییان کرد و ڕێژەی بەشداریی 72% بوو.
دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بەڕێوەچوونی ڕێکوپێکی و دیموکراسیانەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
هاوڕێیانی ئازیز
دوای زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و خوێنڕشتنی ترسناک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانێکی تاریک و ترسناک. شەڕەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حزبوڵڵا و ئیسرائیل و ڕۆڵی میلیشیاکان لە عێراق، دۆخێکی ترسناک و لێکەوتەی قوڵی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاشتیی نێودەوڵەتی دروست کردووە. دەبێت دانوستان و دیالۆگ جێگەی ئەم شەڕانە بگرێتەوە. هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەم ململانێیە دوور بخاتەوە و فشار بخاتە سەر میلیشیا عێراقییەکان بۆ ئەوەی چیتر دۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن.
لە کۆتاییدا سوپاسی شانشینی کەمبۆدیا دەکەم کە میوانداریی ئەم کۆنفرانسەیان کردووە و سوپاسی پارتی گەلی کەمبۆدیا دەکەم بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە. سوپاسی زۆرم بۆ ICAPP کە بانگهێشتیان کردین بۆ ئەم کۆبوونەوە ناوازەیە.
سوپاس و خوای گەورە هەموو لایەکتان بپارێزێت.




