کەندێناوە چیرۆکێکی بەھێز.."بەرۆژ سەرژمێری و بە شەویش چارەنووسی نەتەوەیەک دەنووسنەوە"

کەندێناوە-KDP.info- لە کەندێناوە، کە دەستم بە داڕشتنی ئەم ریپۆرتە کرد، شتێکی سەرنجڕاکێش بینرا، هەر ماڵێک چەندین خێزانی میوانی لێ بوو، ئەمانە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کوردن و تەنیا بۆ میوانداری ئاسایی نەگەڕاونەتەوە، ئەمانە ھاتوون بۆ سەرژمێریی، ھاتوون بۆ شۆڕشێک کە ڕێ لە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە بگرن.
ڕێناس بلباس، دانیشتووی مەخموور کاتێک لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی قسەم لەگەڵی کرد، یەکڕاست گوتی، پێشبینی ئەم ژمارە زۆرەمان نەدەکرد کە گەڕاونەتەوە ناوچەکە، بازاڕی مەخموور پڕە لە خەڵکی گەڕاوە، وەک شەپۆلێکی مرۆیی کە دووبارە مێژوو تۆماردەکەنەوە و بە سەرژمێری بە ناوچەکە دەڵێن، ئێمەی خەڵکی رەسەن، لێرەین.
ئەو دەڵێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی مه‌خموور و قه‌راج و كه‌ندێناوه بۆ مه‌به‌ستی سه‌رژمێری هاواری له شۆڤینییەکان هەڵساندووە و نه‌یارانی كورد له یه‌كڕیزی كورد تۆقیون.
بەڵام لێرەدا شتێکی قووڵتر هەیە، وەک د.سیروان حوسێن مەخمووری کە قسەم لەگەڵی کرد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، کە دانیشتووی ناوچەکەیە، پێی گوتم: "ئەمە تەنیا سەرژمێرییەکی ئاسایی نییە، ئەمە گەڕانەوەی شوناسە". تەنانەت لەو شوێنانەی کە ڕۆژانە بەھۆی مەترسی بەتایبەت لە دەڤەری قەراج خەڵک ناتوانن لە ھەندێ گوند بە رۆژ بمێننەوە، کەچی لەم سەرژمێرییە خەڵکی کورد کە رەسەنی ناوچەکەن، بە شەوانیش مانەوە و رەشماڵیان ھەڵدا ئەمە بوێرییە، بۆیە دەڵێم ئەم سەرژمێرییە کۆتایی بە دیموگرافیای ناوچەکە دێنێ.
لە بەردەوامی داڕشتنی ئەم ریپۆرتە پرسیارێک لای من دروستبوو کاتێ بۆ چارەنووسی نەتەوە و خاک و نیشتمان، خەڵک شەوانە ڕەشماڵ هەڵدەن و بەم بوێرییە بمێننەوە لە کاتێکدا مەترسی تیرۆر ھەیە، چ نموونەیەک لەمە باشتر هەیە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە نەتەوەیەک دەتوانێت لە سەختترین هەلومەرجدا، بەرگریی لە ناسنامەی خۆی بکات. ئەو بوێریەشم بیردێتەوە کە ئێزدییەکان لە شنگال دەڵێن، کەس ناتوانێ شنگال لە ئێمە ببات، وەک لە کەرکووک و خانەقین ھەمان شت، کە کوردستانیان دەڵێن کەس ناتوانێ کوردبوون و خاکمان لێ زەوت بکات.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدوڵڵای شاعیر له هه‌ولێره‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناحیه‌ی مه‌لاقه‌ره و قسەم لەگەڵ کرد دەڵیت: ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی ناوچه كوردستانییه‌كان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه زێدی خۆمان له ده‌ڤه‌ری كه‌ندێناوه، خه‌ڵكێكی زۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش خه‌ڵكی ناوچه كوردستانییه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌موو ماڵێكی كه‌ندێناوه چه‌ند خێزانێكی وه‌ك میوان له‌خۆ گرتووە، پرۆسه‌ی تۆماركردنی هاووڵاتییان بۆ سه‌رژمێری بەردەوامە و كاره‌كان زۆر به ڕێكوپێكی به‌ڕێوه ده‌چن.
ئیتر لە کۆتایی داڕشتنی ئەم ریپۆرتە، گەیشتمە خاڵێک، لە کۆی لێدوانەکان سەرنجێک ھەبوو کە ھەندێ لە شۆڤینییەکان بەم ھەنگاوە دڵخۆش نین، کە کورد لە زێدی خۆی خۆی تۆماردەکاتەوە، بەڵام وەڵامەکە لای ھەموو کوردێک لەوێ ئەوەبوو، کە ئێمە لێرەین و ناھێڵین دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت.
قائید میرۆ




