جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ KDP، لەبارەی دانانی سێ بەڕێوەبەری ناحیە زانیاری دەخاتە ڕوو

دھۆک -KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی بەناحیەبوونی (تەناھی، مسێریکێ و شاریای) لە سنووری پارێزگای دھۆک دەرکرد، جێگری پارێزگاری دھۆک دەڵێت: ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باش بوو و دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییانی ئەو سێ دەڤەرە بکرێت.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فەرمانی بەناحیەبوونی (تەناهی، مسێریکێ و شاریا)ی دەرکرد، پارێزگاری دھۆک قایمقامی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی شوێنیان بۆ دیاری بکات، دواتر بەڕێوبەری ناحیەیان بۆ دابنرێت، بەناحیەبوونی ئەو سێ شوێنە زۆر گرینگ و پێویست بوو، بەتایبەت تەناھی، ٧٠ھەزار کەس لەو سنوورە دەژین و بۆتە گەڕەکێک لە دھۆک، بۆیە پێویست بوو ببێتە ناحیە، بەھۆی ئەوەی سەر بە قەزای سێمێلە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان بکرێت و زیاتر خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکرێت، فەرمانگەی خزمەتگوزاری وەکو کشتوکاڵ، ڤێتەرنەری، تەندروستی، ئاو، کارەبا و ناسنامە و ئەوەی پێویست بێت لێی دەکرێتەوە.
ماجد سەید ساڵح گوتیشی: مسێریکێش بە ھەمان شێوە کۆمەڵگایەکی کۆنە و لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دروست بووە، لەچەندین گوند پێکدێت، ئێستا نزیکەی ٢٠ھەزار کەسی لێ دەژیت، ئەوەش بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکرێت، دەبێتە ناحیە، شاریاش بە ھەمان شێوە، بەڵام ھەندێک تێبینی لەسەر ھەبوو، خەڵکی شاریاش بە ھەمان شێوە، بۆیە ئەوەیان بڕیاری کۆتایی لێ نەدرابوو، بەڵام دواتر بڕیاری کۆتایی بۆ بەناحیەبوونی بۆ ھاتەوە.
جێگری پارێزگاری دھۆک گوتیشی: هێشتان بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ھەرسێ شوێنەکە دیاری نەکراوە، بەڵام پارێزگار قایمقامی ڕاسپاردووە لە قۆناغی یەکەم شوێن بۆ بەڕێوبەرایەتی ناحیە دیاری بکات، دواتر بەڕێوبەری ناحیە دیاری دەکرێن، سەرەتا ئێمە بەڕێوبەری ناحیەی بەردەستمان ھەن، ئەوان دادەنرێن تا بەشێوەیەکی فەرمی بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ھەر سێ شوێن دادەنرێت، بۆیە ئێستا لە قۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکانین، کاری لەسەر دەکرێت تا ھەموو ھەنگاوەکان تەواو دەبن و ھەرسێ شوێن دەبنە ناحیە و ھەرچی پێویستە بۆیان ئەنجام دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




