سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی دەکات

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی دەکات و دەڵێت، شارەکە لە مێژووی کولتووری و سیاسیی گەلی کوردستاندا، ناوێکی کاریگەر و دیارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤-١١-٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٢٤٠ ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری، شاری ئەدەب و ھونەر، شاری ھەڵمەت و قوربانی، بە گەرمی لە تەواوی خەڵکی ئازیزی شار، پیرۆز دەکەم. ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
سلێمانی، بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "لە مێژووی کولتووری و سیاسیی گەلی کوردستاندا، ناوێکی دیار و کاریگەرە و ھەمیشە جێی ڕێز و پێزانین و مایەی شانازیی گەلی کوردستان بووە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھیوای بەردەوامیی گەشە و ئاوەدانی، پێشکەوتنی زیاتر و ئارامی و سەقامگیری بۆ سلێمانی و ھەموو شار و ناوچەکانی کوردستان دەخوازێت.




