بەرزنجی: هەرێمەكەمان بەرەو پێشکەوتن و خۆبژێویی مەزن هەنگاو دەنێت

ھەولێر-KDP.info- ئاکادیمیستێکی بواری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ، ئاماری سەرسووڕھێنەر لە بواری سیاسەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ باس دەکات و دەڵێ، بە ھۆی سیاسەتی ورد و زانستیی حکوومەتی ھەرێم لە بواری سامانی ئاژەڵ، ٣٠% پێشکەوتنمان بەدەست ھێناوە.
پڕۆفیسۆر یوسف بەرزنجی، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە سیاسەت و پڕۆسەی پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم لە بواری سامانی ئاژەڵ بەرەوپێشچوونی جەوھەریی بەخۆیەوە بینیوە و ئامارەکان زۆر جێی دڵخۆشین، بەنداوسازی و پۆندسازی یەکێکە لە سەرچاوەکانی بەرەوپێشچوونی سامانی ئاژەڵ، کە حکوومەتی ھەرێم بە چڕی ئەنجامی داوە و ئێمە لە بواری بەرھەمی کارگەکانی ئالیک و سامانی ئاژەڵەوە ٢٥% بۆ ٣٠% بەرەوپێش چووین، ھەم لە ڕووی ژمارە و ھەم لە ڕووی تواناوە، پێشتر ٣٤ کارگەی بەرھەمھێنانی ئالیک ھەبوو، ئێستا ٤٢ کارگەمان ھەیە، پێشتر ٥٤٢ ھەزار تۆنیان بەرھەم دەھێنا، بەڵام ئێستا ٩٥٢ ھەزار تۆن بەرھەم دێنن.
دکتۆر یوسف، باس لە بواری پەلەوەریش دەکات و دەڵێت: بەھۆی سیاسەتی دروستی حکوومەت، دەبینین ئێمە لە پێشوودا ١٥١٠ پڕۆژەی پەلەوەرمان ھەبووە، بەڵام لە ئێستادا گەیشتووەتە ١٩٠٨ و بەرەو زیاتریش ڕۆیشتووە بەم دواییانە، ھاوکات لە ڕووی بەرھەمی جوجکەوە لە ٢١ ملیۆن و ٥٣٦ ھەزارەوە بەرز بووەتەوە بۆ ٣١ ملیۆن و ٨٦١ ھەزار و لە بواری بەرھەمی ھێلکەشەوە بۆ خۆراک ١١ پڕۆژەمان ھەبووە، ئێستا بەرز بووەتەوە بۆ ٣٩ پڕۆژە، کە ١١ پڕۆژەکە ئاستی بەرھەمیان یەک ملیار و ٣١١ ملیۆن ھێلکە بووە پێشتر، بەڵام ئێستا بەرھەمەکەی بووە بە ٣ ملیار و ٢٦٩ ملیۆن ھێلکە لە ساڵێکدا، کەواتە زیاتر لە دوو ھێندە زیادی کردووە.
بۆ نموونە: لە سنووری سلێمانی پڕۆژەیەکی پەلەوەری کراوەتەوە و لە تەواوبووندایە، کە توانای لەخۆگرتنی ١٧٣ ھەزار مریشکی ھێلکەکەری ھەیە و لە ساڵێکدا دەتوانێ ٥٢ ملیۆن ھێلکە بەرھەم بھێنێ، ھەر لە سنووری سلێمانی سەربڕخانەی مۆدێرنی مریشکی فرێش لە سەیدسادق کراوەتەوە کە توانای سەربڕینی ٤ ھەزار مریشکی ھەیە لە یەک کاتژمێردا، ھاوکات لە سنووری ھەڵەبجە کێڵگەی پەلەوەری کراوەتەوە لە سیروان لەسەر ڕووبەری ٤٠٠ دۆنم دروست کراوە ١٠ ھۆڵ لەخۆی دەگرێ و کارگەی ئالیکی لەگەڵە، ھەروەھا پڕۆژەیەکی تری مەزنی ھێلکە لە ھەولێر ھەیە بەناوی شەدار لەسەر ڕووبەری ٢١٣ دۆنم دروست کراوە، کە لە یەک ڕۆژدا ١١٠٠ کارتۆن ھێلکە بەرھەم دەھێنێ، پڕۆژەی تەبارە لە کۆیە لەسەر ڕووبەری ١٠٠ دۆنم بۆ وشککردنەوەی گەنمەشامی بۆ ئەوەی گەنمەشامی لە جووتیارەکان وەرگرێت و وشکی بکاتەوە.

یوسف بەرزنجی ھەروەھا گوتیشی: پێشتر ٧٣ پڕۆژەی گاوداریمان ھەبووە کە ٨٢٣٩ سەر مانگای تێدا بووە، بەڵام لە ئێستادا بەرز بووەتەوە بۆ ٩٠ پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگا بە شێوەی زانستی کە توانای ١٥٣٩٥ سەر مانگای شیردەری ھەیە، لە ڕووی دابەستە و قەڵەوکردن ٦٥ پڕۆژەمان ھەبوو پێشتر کە ٢١٣٤٦ سەر گۆلکی دابەستەی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئێستا بووەتە ١٠٣ پڕۆژە کە ٩٣ ھەزار و ٣٠٠ سەر دابەستەی تێدایە و ژمارەکانیش ڕوو لە ھەڵکشانن، کە کاری زۆر مۆدێرن و زانستییان تێدا ئەنجام دراوە.
بۆ نموونە: پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی شیر لە دھۆک لە سێمێل کراوەتەوە بەناوی کاڤین فارم، کە لە یەک ڕۆژدا دەتوانێت ١٢٠ ھەزار لیتر شیر بەرھەم بھێنێ، پڕۆژەیەکی زۆر ستراتیژییە، ھەر لەو بوارەدا پڕۆژەیەکی تر کرایەوە لە مێرگەسۆر لەسەر ڕووبەری ١٣٤٦ مەتر دووجا، کە توانای بەرھەمێنانی شیری لە یەک ڕۆژدا ٥٠ ھەزار کیلۆیە کە لە ٢١ بنکەی جیاواز شیری ئاژەڵەکان لە نزیکەی ٢ ھەزار خاوەن ئاژەڵ وەردەگرێ، کە ئەمە زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی خەڵک ھان بدات ژمارەی ئاژەڵەکانیان زیاد بکەن، یەکێک لە پڕۆژە نایابەکان پڕۆژەی (ڤانی فارم)ە، کە نزیکەی ١٠٠٠ سەر مانگای ھۆڵشتاینی تێدایە کە نزکەی ١٥ ھەزار لیتر شیر بەرھەم دێنێ و ھەر لەوێ کارگەیشی لەگەڵدایە بۆ ماست و پەنیر و کەرە و بەرھەمی تر.
ھاوکات لە سنووری سلێمانی لە کەلار پڕۆژەی ستراتیجی (مرواری فارم)ە، کە لەسەر ڕووبەری ٩٣ دۆنم دروست کراوە کە نزیکەی ١٠٠٠ سەر مانگای تێدایە و لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٦٠ ھەزار کیلۆ شیر و بەرھەمی شیرەمەنی جۆراوجۆری ھەیە.
سەبارەت بە بەرھەمی ماسی، دکتۆر بەرزنجی گوتی: نزیکەی ٨٠٠ پڕۆژەی ماسی لە كوردستان ھەیە، کە پڕۆژەیەکی گرنگ کراوەتەوە لەسەر ڕووبەری ٧٢ دۆنم ئاوی و ١٥٧ دۆنم وشکانی، کە بە شێوەیەکی زۆر پڕۆفیشناڵ بەرھەم دێت لە ناوچەی سێمێل کە توانای بەرھەمھێنانی ٢٥٠ ھەزار تۆن گۆشتی ماسی ھەیە.
لە کۆتاییدا پڕۆفیسۆر یوسف بەرزنجی دەڵێت: ئەمانە نموونەیەکی کەمی ئەو سەدان و ھەزاران پڕۆژە گرنگەن، کە حکوومەتی ھەرێم ئاسانکاری بۆ کردوون و جێبەجێ کراون، کە جێگای دەستخۆشین و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناغی زۆر گرنگی پێشکەوتن و خۆبژێویی و ھەناردەکاری دەبەن و دەیان ھەزار ھەلی کاری بەرھەم ھێناوە.
سەلاح جەلال




