ماڵپەڕی KDP ئامادەكاریی پارتی بۆ قۆناغێکی نوێ دەخاتە ڕوو

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی ئاشکرای کرد، پارتی ھێڵی سووری لەسەر ھیچ کەس و لایەنێک نییە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتدا. دەشڵێ: لە ئایندەیەکی نزیکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ لایەنە براوەکاندا کۆدەبێتەوە.
کرمانج عیززەت، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: خۆمان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە کردووە، ئەو بەرنامەیەی پارتی لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو، لە ھەموو سنوورەکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەمانەوێ ناوماڵی کورد ڕێک بخرێتەوە و حکوومەتێکی بەھێز دروست بکرێت و ھەرێم یەک لەشکری ھەبێت و دادپەروەری بەرقەرار بێت، لە ھەموو دەڤەرەکانیش پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکرێن.
بەرپرسی لقی ٢٦ گوتیشی: سەرۆک بارزانی لە گوتاری خۆیدا ڕایگەیاند: "کورد بەھێز بێت و پارتی ھێڵی سووری لەسەر ھیچ کەسێک نییە"، ھەر کەس و لایەنێک ئامادە بێت لەگەڵ بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان کار بکات، تەنیا مەرجی پارتی ئەوەیە وەک پێشتر نەبێت ھەر لایەنێک دێتە ناو حکوومەتەوە نابێت دژی حکوومەت بوەستێتەوە، بەپێچەوانەوە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لەناو حکوومەت و شان بداتە بەر خزمەتکردن و بەرپرسیاریەتی.
کرمانج عیززەت پێی وایە، لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کۆدەبێتەوە و دەڵێت: وا پێشبینی دەکەین لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کۆدەبێتەوە و دانوستان و ئامادەکاری بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەرنامەی پارتیش ئەوەیە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بن.
قائید میرۆ




