کاندیدانی پارتی لە دھۆک: کاردەکەین بە یاسا مافی کرێکاران پارێزراو بێت

دھۆک -KDP.info- کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای دھۆک دەڵێن: لە ھەموو بوارەکان خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەین و بە یاساش کار دەکەین بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت و مافیشیان پارێزراو بێت، وەکو ئەوانەی لە کەرتی گشتی دادەمەزرێن.
ئیسماعیل حەمۆ کەمەکی، کاندیدی ژمارە ٢ لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دھۆک ڕایگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتی زۆری خەڵکی کردووە و خەڵکیش متمانەی بە حکوومەت و پارتی ھەیە، بۆیە دێنە لای ئێمە و دەنگ بە لیستی ١٩٠ی پارتی دەدەن، ئەو پشتیوانییەی خەڵک وا دەکات کە چووینە پەرلەمەن زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان و داکۆکی لە دەستکەوت و مافی خەڵک بکەین و کار بۆ خۆشگوزەرانی زیاتری خەڵکی کوردستان بکەین، چونکە ئێمە ھەر لە سەرەتای شۆڕش لەگەڵ پارتی بووین، بچینە پەرلەمانیش بەڵێن بێت بەردەوام بین لەسەر خزمەتکردن و سەرخستنی لیستی ١٩٠ی پارتی.
د.بژار کۆچەر کاندیدی ژمارە ٥ لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دھۆک گوتی: لە پەرلەمانی کوردستان، کار لەسەر یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران دەکەین کە پێویستی بە یاسایەکی سەردەمیانە ھەیە، ئەوکات کێشەی بێکاری چارە دەبێت، چونکە کاتێک گەنجێک لە کەرتی تایبەت کار دەکات خزمەتی بۆ ھەژمار دەکرێت و لە کاتی پێویست خانەنشین دەکرێت، چونکە ئێستا خەڵک بۆیە داوای دامەزراندن دەکات، بۆ ئەوەی پاشەڕۆژێکی ھەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوەمان کرد ئەوکات خەڵک گرینگی بە کەرتی تایبەت دەدات بۆ کارکردن، بۆیە بەجدی کار لەسەر دەرکردنی ئەو یاسایە دەکەین و داواکارین دەنگمان پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانین لە پەرلەمان داکۆکی لە مافی ئێوە بکەین و دەستکەوتەکانیش پارێزراوبن.
پارێزەر بۆتان سەگڤان ڕەشید کاندیدی ژمارە ٧ لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دھۆک گوتی: من ١٠ ساڵە لە پارێزگای دھۆک پارێزەرم و داھاتی من بەشی من دەکات، بەڵام خۆم لەسەر لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندید کردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەی پەرلەمان خزمەتی زیاتری خەڵک بکەم و داکۆکی لە مافی خەڵک و دەستکەوتەکانیان بکەم، ئەگەر نا من قەت بۆ مووچە ناچمە پەرلەمان، بۆیە لە بەرپرسیارەتی ناترسم و نیەتم سافە و دەمەوێت خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەم.
ژیان سەڵاحەدین کۆچەر کاندیدی ژمارە ٢٦ لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دھۆک ڕایگەیاند: خۆم لەسەر لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندید کردووە، بەرنامەی من ئەوەیە کار لەسەر دامەزراندن و گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندن بکەم و گرینگی بە کەرتی خوێندن بدەم، چونکە خۆم مامۆستام و شارەزایی باشم لە بواری پەروەردە ھەیە، بۆیە داواکارم دەنگم پێ بدەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانی کوردستان خزمەتان بکەم.
بڵند ئیبراھیم




