نوێنەری سەرۆک بارزانی پەردەی لەسەر پەیکەری شەھیدانی داستانی شاخۆلان لادا

دارەشەکران-KDP.info- لە ناحییەی دارەشەکران نوێنەری سەرۆک بارزانی پەردەی لەسەر پەیکەری ھەردوو شەھیدی دەڤەری زرارەتی و داستانی شاخۆلان، "شەھید خەلیل و شەھید سەید فەتحی" لادا
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و ئاراس حەسۆ میرخان، بەرپرسی دەستەی وەبەرھێنانی پارتی و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی١٦ و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لقی٢٤ی سەفینی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ژمارەیەکی تر لە ھەردوو بەرپرس و ھەڤاڵانی لیژنە ناوچەی دارەشەکران و بەڕانەتی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ھاووڵاتییانی دەڤەری زرارەتی، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا وەک ڕێز و وەفایەک بۆ تێکۆشان و خەبات و قوربانیدانیان، لە سەنتەری ناحییەی دارەشەکران، پەردە لەسەر پەیکەری ھەردوو شەھیدی قارەمانی دەڤەری زرارەتی و داستانی شاخۆلان، "شەھید خەلیل و شەھید سەید فەتحی" لادرا، کە لەلایەن پارێزگای ھەولێر دروستکراوە.
سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری هەریەکە لە شەهید فەتحی و شەهید خەلیل، باسی لە شەهید فەتحی و شەهید خەلیل کرد و گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 1969 کاتێک کە دووژمن هێرشی هێنا بۆ ئەوەی ئەو دوو شەهیدە دەستگیر بکات، بەڵام بەو ئیرادە پۆڵاینەی کە هەیانبوو، لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزەی کە هەیانبوو تاوەکو دواهەمین دڵۆپی خوێن و دواهەمین فیشەک بەرگرییان کرد".
سیداد بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستاش رێبوارانی قوتابخانەی پارتی و بارزانی بە هەمان هەست و هەمان دڵسۆزی بەرگریی لە خاک و نیشتیمانییان دەکەن.
هەروەها سیداد بارزانی داوای لە ئامادەبووان کرد دەنگ بە لیستی 190ـی پارتی بدەن و گوتیشی: "پارتی هیچ کاتێک هیچ کەسێکی بە رکابەری خۆی نەزانیوە، چونکە مێژووی پارتی شاهیدە چ قارەمان و چ خوێن و چ شەهیدانێکی بەخشیوە بەو خاک و نیشتیمانە".
سیداد بارزانی داوای لە ئامادەبووان کرد کە بە "حیکمەت"ـەوە بیر لەوە بکەنەوە کە دەنگ بە چ لایەنێک دەدەن و ویژدانی خۆیان بکەن بە دادوەر.

جێگەی باسە، داستانی شاخۆلان لە کۆتایی مانگی شوباتی ١٩٦٩ لە گوندی شاخۆلانی باکووری ھەولێر ڕوویدا، کاتێک کە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی "خەلیل و سەید فەتحی" بۆ کاری شۆڕش دەچنە ئەو گوندە ھێزێکی حکوومەت کە لە سووپا و جاش پێکھاتبوو بە گوندەکەدا تێدەپەڕن، بە ھەر ھۆکارێک بێ درک بە بوونی پێشمەرگە دەکەن بۆیە چواردەوری گوندەکە دەگرن و شەڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێ، دوای دوو ڕۆژ شەڕو پێکدادان ھەردوو پێشمەرگە شەھید دەبن بەڵام زیانێکی گەورە بە سوپا و جاشەکان دەگەیەنن لە کوژراو و بریندار.






