ساڵح حەیدەر: پارتی موڵکی ھەموو تاکێکی نیشتمانپەروەرە

شێخان -KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو خەڵکی کوردستان ٧٨ ساڵە خزمەت و خەبات دەکات، دەرگای پارتی بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان هەمیشە کراوەیە و موڵکی ھەموو نیشتمانپەروەرێکە، تەنیا موڵکی پارتیەکان نییە.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ پێشوازیمان لە پۆلێکی دیکەی کادیر و ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری کرد کە لە کەلەکچی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بڕیاریان داوە لەناو ماڵی گەورەی خۆیان درێژە بە خزمەت و خەباتی خۆیان بدەن، ئێمەش پێشوازییان لێ دەکەین، ئەوان بەبێ هیچ فشارێک ھاتوونەتە ناو ڕیزەکانی پارتی و بارزانی، کە ڕێبازی نیشتمانپەروەرییە، چونکە ئەو ڕێبازە رێبازی پێکەوەژیان و ھەموو خەڵکی کوردستانە.
ساڵح حەیدەر گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی بەرژوەندی نەتەوەیی کوردستان دامەزراوە، ماوەی ٧٨ ساڵە لەسەر ئەو ڕێبازە لە خەباتکردن بەردەوامە، ئێستاش سەمام ئەمانی کوردستانە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستھاتوون، چونکە پارتی ھەلگری ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانە و خاوەن پڕۆژەی نەتەوەییە و نیشتمان و نەتەوە لای پارتی گرینگە.
حەیدەر باسی لەوەش کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا بۆ یەک چین کاری نەکردووە، باوەشی بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان کردۆتەوە و ھەمووان دەتوانن لەناو پارتی ڕۆڵی خۆیان ببینن و خزمەتی گەلی کوردستان بکەن، چونکە پارتی تەنیا موڵکی پارتییەکان نییە و موڵکی ھەموو تاکێکی نیشتمانپەروەرە.
ئەوانەی ئەمڕۆ پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد لە سنووری لقی٢٠ی پارتی نزیکەی ١٠٠کەس بوون و بڕیاریان دا پشتگیری لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن.
بڵند ئیبراھیم




