شێخ ستار: گوتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی لە کۆیە بووە بەردی بناغەی ھەڵبژاردن

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند، پارتی حزبی سەروەرییەکانی مێژوو و بنیاتنانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و داھاتووە و داوا لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خەڵکی سلێمانیی خۆشەویست دەکەین، دەنگ بدەنە لیستی ١٩٠ بۆ ئەوەی مافەکانیان دەستەبەر بێت و دڵنیا بن لە داھاتووی خۆیان و نەوەکانیان.
شێخ ستار عەواڵانی، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە شانازی و دەستکەوتی ھەیە، دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەسەر دەستی پارتی لە قۆناغەکانی پێش ڕاپەڕین بەدەست ھاتوون، دوای ڕاپەڕینیش یەکەم کەس کە باسی لە دامەزراوەی دەوڵەتی قانوون کردووە لە گوتارە مێژووییەکەی کۆیە لە ڕاپەڕیندا، جەنابی سەرۆک بارزانی بوو کە ئەو گوتارە مێژووییە بووە بەردی بناغەی ھەڵبژاردن و گەشەی بیری دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان، دواتر پەرلەمان و حکوومەت پێکھات و لەوکاتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای دەزگا شەرعییەکانی وەک حکوومەت و پەرلەمانەوە ویستوویەتی و توانیویەتی خزمەت بکات و دەوڵەتداریی بکات.
شێخ ستار باس لەوە دەکات، کە ھۆکاری ئەوەی خەڵک متمانە بە پارتی دەکات ئەوەیە، دەبینین ئەم کیانەی ئێمە بەردەوام لە بەردەم ھەڕەشە و ھێرشە دەرەکییەکان بووە، بەڵام پارتی سینگی ھەمیشە قەڵغان بووە بۆ شکستپێھێنانی ئەو پیلانگێڕی و ھێرشانە، ھەروەھا پارتی لەگەڵ بەرگرییەکانی لە کوردستان دەبینین لە ماوەی ئەو ٣٢ ساڵەدا پارێزەری سەرەکی ھەرێمی کوردستان بووە بە سیاسەتی ورد و حەکیمانە و دروستی خۆی.
بەرپرسی لقی ٢١ گوتیشی: ھۆکارێکی تر کە خەڵک بە بنەڕەتی وەردەگرێ بۆ دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، بریتی بووە لە پرسەکانی پەرەپێدانی تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی ھەرێم، کە بەردەوام لە ئەولەویەتی کاری کابینەی نۆیەمدا بوون و گەشەیان کردووە و پارتی لە ڕێگای ھاوکاریکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمەوە توانی سیاسەت و بەرنامەی ڕاست و دروستی خۆی لەم بوارانەدا بباتە پێش بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، ھاوکات حکوومەتی ھەرێم ئەو بەنداوە گەورانەی دروستی کردن، شایەتین بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی کاک مەسروور چ خزمەتێکی بواری ئاو و ئاوەدانی و کشتوکاڵی کردووە.
عەواڵانی جەختیش دەکاتەوە، پارتی چاوی لە داھاتووە، بەرنامەی وردی ھەیە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ کوردستان، پارتی دەیەوێت ھەرێمی کوردستان ژمارە بێت لە ھاوکێشە ناوچەییەکاندا بە ئاستێکی بەرزتر و بەھێزتر لە پێشوو، ھەموو ئەمانە ھۆکارن بۆ ئەوەی ئێمە بە دەنگێکی دلێر و بە متمانە بەخۆ و بە نەفەسێکی قووڵەوە داوای دەنگی گەلی خۆمان بکەین و ھەموو ئەوانەی پێشتر دەنگیان پێداوین بەردەوام بن و ھەموو ئەوانەیشی پێشتر دەنگیان نەداوینێ، ئەم جارە دەنگ بدەنە لیستی ١٩٠ لیستی زامنکردنی ئەمڕۆ و سبەی کوردستان، چونکە ئێمە حزبی دروشمی بێ بنەما نین، حزبی کردەوە و وەفادارین بۆ گەلەکەمان.
سەلاح جەلال




