سەربەست لەزگین پەیامێک ئاراستەی خەڵکی دھۆک و زاخۆ دەکات

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گوتی، ھەموومان پێکەوە لە٢٠ی ئۆکتۆبەردا مژدەی سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتی دەدەینە سەرۆک بارزانی و داستانێکی دیکەی دیموکراسییەت و شارستانییەت تۆمار دەکەین.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند: خەڵکی شەڕەفمەندی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جارێکی دیکە ئێمە لە پێشوازی وەرزێکی نوێی ئازادی و دیموکراسیداین بۆ چەسپاندنی شەرعییەتی کوردستان کە ئامانجی ھەرەپیرۆزی پارتییە بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەچین.
سەربەست لەزگین، مێژووی پڕۆسەی دیموکراتی کوردستانیشی باس کرد کە چۆن سەرۆک بارزانی ڕۆڵی بنەڕەتی تێدا ھەبووە و گوتی: ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانی گەلی ئێمە لە بەھاری ساڵی ١٩٩١دا، دیموکراسی کوردستان بە ئەندازیاریی سەرۆک و ڕێبەرمان سەرۆک بارزانی پڕۆژەی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی کوردستان و مێژووی پڕ سەروەری پارتی و سەرکردایەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی، تا ئەمڕۆ لەسەر ئاستی کوردستان و زۆر جاریش لەسەر ئاستی عێراق، ھێزی سیاسی یەکەم بووە و ھەر بەو پشتیوانییەی جەماوەر ھێزی یەکەم دەمێنێتەوە، چونکە پارتی بەکردار سەلماندوویەتی خاوەنی ڕاستەقینەی خاک و خەڵکی ئەو وڵاتەیە، دەڤەری بادینان چۆن لانەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و مەیدانی بەدەیان داستان و قارەمانی بووە و قەڵای زەرد و بانکی جەماوەری پارتییە، دوێنێ خەڵکی ئەم دەڤەرە بە خوێنی خۆی ئەمڕۆش بە دەنگ و پشتگیریی خۆی بەرگری لە دەستکەوت و سەرکەوتنی میللەتی ئێمە دەکەن، وەکو چیایەکی نەجوڵاو بەر سینگی ھەموو نەیار و دوژمنی سەروەری و شەرعیەتی کوردستان وەستاوە و ئامادەبوونە بۆ پێشکەشکردنی ھەموو فیداکاریەک.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گوتیشی: دەنگدەری ھێژا و ڕێبواری ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی خوێنی شەھیدان و خۆنەچەماندن و بەرگرییە و لیستی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆراگرییە، بەشداریکردنی ئێوە لە ھەڵبژاردن و دەنگدانی ئێوە بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی و کاندیدەکانی، مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاساییش و ئاوەدانی و پاشەڕۆژێکی گەشە بۆ جیلی نوێ، لیستی ١٩٠ی پارتی لەسەر دەستی پێشمەرگەی کوردستان و خانەوادەی شەھیدان و قوتابی و ئافرەت و جووتیار و کرێکار ئاوەدانکراوە و زانا و ڕۆشنبیرو نووسەر و ئەکادیمی و ھەموو کاتێک لەناو ئەو پارتە بوونە و ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەبووە.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، ھەروەها گوتی: لیستی ١٩٠، لیستی مافخوازانە بەبێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە و ڕەگەز، بەرگری کردووە بە پشتگیریی جەماوەری وەفادار و دڵسۆزیی خۆی ھەر بەردەوامیش دەبێت، ئێمە دڵنیاین لە پشتگیری دھۆکی داسنیا و زاخۆی پردی دەلال و دڵی سەرۆک و سێمێلی خوێن گەرم و ئاکرێی کەلێی خۆڕاگر و پایتەختی نەورۆز و ئامێدیی قەڵای زانین و شێخانی پێکەوەژیان و باتیفی چاونەترس و جووتیار و ڕێنجبەری بەردەڕەش، ئێمە ھەموومان پێکەوە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر مژدەی سەرکەوتنی لیستی ١٩٠ی پارتی دەدەینە سەرۆکی خۆمان و داستانێکی دیکەی دیموکراسیەت و شارستانیەت تۆمار دەکەین، کوردستان ئاوەدان بێت و گەلی ئێمە سەرفراز بێت و سەرکەوتن بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بڵند ئیبراھیم




