موژدەکەی مەسروور بارزانى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە قەزای كۆیە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 لێدا و لە گوتارێكیشیدا، موژدەی بە قەزاکردنی ناحیەی تەقتەقى لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند و بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگای هەولێر ڕیكارەكانی بەقەزابوونی تەقتەقی دەست پێكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگای هەولێر ڕایگهیاند، "به ڕاسپاردە و فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو زیاتر خزمەتکردنى هاووڵاتیان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانى پتر بە سنوورە جیاوازەکان و باشتر ڕاییکردنى کاروبارە ئیداریی و کارگڕییەکانى هاووڵاتیان لە فەرمانگاکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمی زەنگ لێدانی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، موژدەی بە قەزاکردنی ناحیەی تەقتەقى لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند."
ئاماژە بەوەش دەكات، كە "هەر ئەمڕۆ بڕیارەکە کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە و لەم نزیکانە ڕێکارە ئیدارى و یاساییەکان دەست پێدەکات بۆ تەواوکردنى کاروبارەکان."




