لە عەنكاوە…بەهۆی كەمتەرخەمییەوە كۆمپانیایەك لە كاركردن راگیرا

راپۆرت: سەید فەخرەدین
لە هەموو دونیادا كاری شارەوانی كارێكی قورسە، بەڵام زۆر كەس هەیە بایەخ بە پاكراگرتن و خاوێنی شار نادات و بە ئەركی خۆی نازانێت، هەرچەندە ئەركی خاوێنكردنی شار تەنها لەسەر ئەستۆی شارەوانی نییەو دەبێت هاووڵاتیش بەشدار بن لە پاكراگرتنی شاردا.
كۆمپانیایەك هەڵسابوو بە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی تەندری خاوێن كردنەوەی شارۆچكەی عەنكاوە، بەڵام نەیتوانی بە تەواوی ئەم ئەركەی جێبەجێ بكات و هەوڵەكەی بێسوود بوو. خەبات چەند پرسیارێكی لە بەڕیۆەبەری ناحیەی عەنكاوە كرد سەبارەت بە كارەكانی ئەم كۆمپانیایە كە ڕۆژ بە ڕۆژ كارەكانی دوا دەكەوت. جەلال حەبیب عزیز بەڕێوەبەری ناحیەی عەنكاوە وتی: بە ڕاستی دوای كاری كۆمپانیای جەنائین كۆمپانیای ریمال ئەلزەهەبی هات بۆ مەبەستی خاوێنكردنەوەی ئەم شارۆچكەیە، ماوەیەك باش بوو، دواتر خۆی بەپاش خست و لە و پاشخستنە تووشی سزادران هتن، چونكە كەمتەرخەمییەكانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەردەوام بوو، خەڵك هەراسان كرابوون. ڕۆژانە تەلەفۆنی هاووڵاتیان بۆمان دەهات لەمانەوەی زبڵ و پاش ماوە گلەییان هەبوو. ئێمەش بە نووسراو پەیوەندیمان بە شارەوانییەكان كرد بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دیاربوو خۆشبەختانە لەڕێگای شارەوانییەكان و پارێزگای هەولێر و وەزیری شارەوانییەوە، هەڵسان بە هەڵمەتێكی بەرفروان بە ئالیاتی گەورەو لە ماوەی چەند ڕۆژێك زبڵ و پاشماوەی ئەو شارۆچكەیە كۆكرایەوە. شوان عەبدولخالیق خۆشناو خاوەنی كۆمپانیای قەدەر دەڵێت: ئێمە لە سەر فەرمانی پارێزگاو وەزیری شارەوانی و بەرێوەبەری گشتی شارەوانیەكان و سەرۆكی شارەوانی بە هانای سەرۆكایەتی شارەوانی عەنكاوە هاتین بە مەبەستی نەهێشتنی زبڵ و پاشماوەكان. عەمیدی زێرەڤانی جەبار فرانیس پترۆس لە شارۆچكەی عینكاوە دەڵیت: ئێمە زۆر هەراسان بووین بە هەڵنەگرتنەوەی زبڵ و پاشماوەكان، دەتوانم بڵێم ماوەیەكی زۆر ئەم كۆمپانیایە ژریمال ئەلزەهەبی - رۆژ بە رۆژ كەمتەرخەم بوو لە ڕووی خاوێنكردنەوە، ئێستا ماوەیەكە كۆمپانیای قەدەر هەڵساوە بە خاوێنكردنەوەی ئەم شارۆچكەیە. دایكی جۆنی ئافرەتێكی دانیشتووی عەنكاوەیەو وتی: ئێستا وەرزی بەهارە، ئەی هاوین بێت دەبێت ئێمە چی بكەین. هاووڵاتی پترۆس یوحنا بابۆ لە بازاڕی شارۆچكەی عەنكاوە دەڵێت: من تەنها ئەوەندە دەڵێم ئیدی سەیری عەنكاوە بكەن بزانن چۆن ڕۆژانە خەڵكی بیانی سەردانی ئەم شارۆچكەیە دەكەن و چەندین كونسوڵخانە لە ناو ئەم شارۆچكەیە هەیە، بەڵام بەداخەوە كۆمپانیای زۆر كەمتەرخەم هەیە لە ڕووی خاوێنكردنەوە.




