محەمەد شوکری زانیاریەكانى کۆربەندی ئابووری ھەرێم و فەڕەنسا بۆ KDP ئاشکرا دەکات

فەڕەنسا-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی لە پاریس کۆڕبەندێکی ئابووریی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بە بەشداریی نزیکەی ٧٠ بازرگانی ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بەڕێوە بچێت، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی کەرتی ئابوورییە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا.
دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی ھاوبەشی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە پاریس دەکات، کە چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ ئەو کۆڕبەندە دەکرێت و مەبەست لێی پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرھێنانە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، کە چەندین کۆمپانیای فەڕەنسا و کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە بەشدارن و خەڵکێکی زۆری ئێمەش مامەڵەیان لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان ھەیە بۆ ھاوردەکردنی کاڵای فەڕەنسی.
شوکری گوتیشی، ھەرێمی کوردستان لە سایەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکات لە داھاتوودا کاڵای ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە لەو کۆڕبەندەدا ٣٥ بازرگان لە فەڕەنسا و ٣٥ بازرگانیش لە ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن، کە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی ئامادەیی ھەرێمی کوردستان نیشان بدەین بۆ ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی فەڕەنسی، تا بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی کردەوە، فەڕەنسا لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ھەمیشە پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆیە دەمانەوێت ھەم لە ڕووی سیاسی و ھەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە سوود لە پاڵپشتی و پشتگیریی وڵاتی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان وەربگرین، بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابووری و وەبەرھێنانەوە سوودی زیاتر وەربگرین، بە تایبەت لە ھەردوو سێکتەری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاریش، بۆیە دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و فەڕەنسا بدەین.
دەشڵێ، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەت بە ٦٣ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون، بۆیە ئومێد دەکەین تا کۆتایی ساڵ ژمارەکە زیاتر بێت، چونکە ئامادەین ھاوکاری و ئاسانکاریی تەواو بۆ وەبەرھێنەران بکەین، بۆ ئەوەی کەرتی وەبەرھێنان زیاتر گەشە بکات.
بڵند ئیبراھیم




