٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی چەمچەماڵ باسی پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە.چەمچەماڵ) دەکات

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەماڵ -KDP.info-  قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتی: ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گۆپتەپە بۆ چەمچەماڵ بەردەوامە، ئەم ھەفتەیە دەست بە کارکردن دەکرێت، بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە کێشەی ئاوی چەمچەماڵ و دەوروبەری بە تەواوی چارە دەبێت، بۆیە سوپاسی  سەرۆکایەتی  ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین کە لە خەمی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بوون.

ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە _ چەمچەماڵ) لە ٣٠/٦ی ئەم ساڵ بە مەیدانی کاری تێدا کراوە و دراوەتە کۆمپانیا، سەرچاوەی ئاوەکە پاککراوەتەوە، دوو شوێنی حەوزی ئاوی بۆ دیارکراوە، یەکێکیان لە ئاخچەلەرە ھەزار مەتر سێ جا ئاو دەگرێت، ئەوەی دیکە لە تەکیەیە ٥ھەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بە فەرمانی وەزیری شارەوانی لیژنەیەکی باڵا پێکھێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکە،تا ئێستا کەمترین کێشەی ئەمنی، سیاسی و ئیداری ھەیە، تەنیا گرفتی دارایی ھەیە، بڕیارە ئەویش چارە بکرێت.

ڕەمک ڕەمەزان گوتیشی: خاڵێکی دیکە ئەوەیە خەڵکى چەمچەماڵ، تەکیە، شۆڕش، ئاخچەلەر و ١٧ گوند لەو پڕۆژەیە سودمەند دەبن و کێشەی ئاویان نامێنێت، ئێستا دیزایین و بابەتی جیۆلۆجی و پشکنینی خاک  تەواوبووە و لەم ھەفتەیە ھەنگاوی کرداری دەست پێ دەکات و ھەردوو حەوزی ئاوەکە کۆنکریت دەکرێت.

ڕەمەزان ڕوونیشی کردەوە: ڕێگای بردنی بۆڕی ئاویش لە ئاخچەلەر تا بانی مەقام بە درۆن دیاری کراوە و ھیچ گرفتێکى نییە، چونکە پڕۆژەکە گەورەیە و ٧٨ ملیۆن و ١٥٠ھەزار دۆلار تێدەچێت و ماوەی ٧٣٠ ڕۆژیشی کات بۆ دیاری کراوە، کۆمپانیاى جێبەجێکار زۆر بەباشی کار دەکات، ئێستا ١٥ملیار دیناری لەبەردەستە بۆ کارکردن، بەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوی چەمچەماڵ چارە دەبێت،  بۆیە سوپاسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری شارەوانی و دارایی  دەکەم بۆ خەمخۆرییان.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار