٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان ئاپۆ بۆ KDP: پارتی دۆزی کوردی گەیاندە جیھان

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی خۆی تێدەپەڕێنێت، سیاسەتمەدارێکی دیاری ڕۆژئاوای کوردستانیش ده‌ڵێ، ١٦ی ئابی ١٩٤٦ نەک تەنیا ڕۆژی دامەزراندنی پارتییە، بەڵکو ھاوکاتە لەگەڵ ٧٨ ساڵەی لە دایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەم بۆنەیە نیشانەی دەستپێکی بیری نەتەوەیی کورد و دەربڕینی ئازادی و ڕزگارییە دوای ھەزاران ساڵ ژێر دەستی و زوڵم.

سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدولڕەحمان ئاپۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: گرنگی ئەم ساڵیادە زۆر مەزنە، ١٦ی ئابی ١٩٤٦ نەک تەنیا ڕۆژی دامەزراندنی پارتییە، بەڵکو ھاوکاتە لەگەڵ ٧٨ ساڵەی لە دایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەم بۆنەیە نیشانەی دەستپێکی بیری نەتەوەیی کورد و دەربڕینی ئازادی و ڕزگارییە دوای ھەزاران ساڵ ژێر دەستی و زوڵم.

ناوبراو گوتیشی: پارتی لە سەرەتاوە تا ئێستا باری خەم و ئازارەکانی گەلی کوردی لەسەر شانی خۆی ھەڵگرتووە، توانیان سەرکەوتن بەدەست بھێنن، وەک شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ کە ١٤ ساڵ بەردەوام بوو، ھاوکات گەیشتن بە ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، ھەروەھا دوای شکستی شۆڕش دیسان بە شۆڕشی گوڵانی ١٩٧٦ دەستیان بە خەبات کردەوە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ دەشڵێت: بێگومان زۆر پیلان و خیانەت ھەبوون کە دەیانویست ڕێگری لە پێشکەوتنی گەلەکەمان بکەن، بەڵام پارتی ھەمیشە ھەوڵی داوە کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و بەھاکانی نەتەوەیی بپارێزێت، لەگەڵ گونجاندنی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیھانییەکاندا.

وەک ئاپۆ دەڵێت: دوای چه‌ندین ساڵ لە خەباتێکی دژوار و بە قوربانیدانی گەورە، گەیشتینە فیدڕاڵی لە ھەرێمی کوردستان، سیستەمێکی دیموکراتیمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەتەوە دامەزراند، ھەروەھا زۆر پێشکەوتنمان لە بواری پەروەردە و زانکۆکاندا بەدیھێنا کە جێگەی شانازین بۆ ھەر کوردێک، ھاوکات پارتی دۆزی کوردی گەیاندە جیھان.

 

كاروان باعه‌دری

هەواڵی پەیوەندیدار