ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سێ حزبی سەر بە پەكەكە هەڵدەوەشێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەپێی بڕیارێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، سێ پارتی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەمەودوا بە هەڵوەشاوە دادەنرێن و بارەگاکانیان دادەخرێت.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەو بڕیارە کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە، ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر داوای فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بڕیاریداوە هەر یەکە لە حزبەکانی (ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی) هەڵدەوەشێندرێنەوە و بارەگانیان دادەخرێت و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا دەگیرێت.
ئەو داوایەش لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بووە بەهۆی بوونی چالاکی ئەو حزبانە کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە کە ئەو پارتە لە عێراق قەدەغەکراوە.
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوەی فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری عێراق، ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە ئەو حزابە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە.
هاوکات ئەو بڕیارەی دەستەکە لە 1ـی ئابی 2024 دەرچووە و لەسەر بنەمای یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق دەرچووێندراوە.




