٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

لاپه‌نه‌ سیاسییه‌كان پـێشنیازەكەی ئـەمەریكا بۆ "هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت"ـیان زۆر بـە جیددی وەرنەگـرت

سەرچاوە: Hewler

سایتى هه‌ولێر- دانا وه‌هبی

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەرلەمانی بەغدا موئەیەد تەییب ئاشكرای دەكات كە پێشنیازی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەندە جیددی نەبووە كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەڵوێستی خۆیانی بۆ ڕابگەیەنن.

موئەیەد تەییب دەڵێت "هێشتا هیچ لایەنێكی سیاسی هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەغدا دەرنەبڕیوە؛ ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ئەم پێشنیازەیان بە لاوە جیددی نییە."

بە گوتەی موئەیەد تەییب ئەگەر كوردیش هەڵوێستی هەبێت، سەركردایەتییەكەی ڕایدەگەیەنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كێری سەرەتای ئەم هەفتەیە پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئۆسامە نوجێفی دا.

هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ لە دۆخی عێراق ناگۆڕێت
هەرچەندە كێری ئەم پێشنیازەی بۆ دەربازكردنی عێراق لەو قەیرانە سیاسییەی تێی كەتووە، ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد، بەڵام پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دكتۆر مەحموود عوسمان لەو بڕوایەدایە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ سوودێكی بۆ عێراق نابێت.

مەحموود عوسمان ڕێككەوتنی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان لە دەرەوەی پەرلەمان بە چارەیەكی باشتر لە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە قەڵەم دەدات و دەڵێت "پاش هەڵبژاردنی پێشوەختەیش گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بەسەر كوتلە و لایەنەكاندا نایەت."

هاوكات پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا حەسەن جیهاد پێی وایە كە ئەگەر هەڵبژاردنی بەپەلەیش بكرێت، كورد دەنگ بە كورد دەدات و شیعە و سوننەیش بە هیی خۆیان و گۆڕانكاری لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقدا ڕوو نادات.

هەرچەندە ئەمەریكا باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، بەڵام كەمتر لە ساڵێك بۆ وادەی هەڵبژاردن ماوە كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پێویستە شەش مانگ بەر لە وادەكەی ئامادەكاریی بۆ بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە مەحموود عوسمان دەڵێت "ئەگەر هەر لە ئێستایشەوە دەست بە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكرێت، ساڵێكی پێ دەچێت؛ چونكە هەڵبژاردن پێویستی بە سەرژمێری و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و دەركردنی یاسای حزبەكان هەیە."

هەواڵی پەیوەندیدار