هێمن هەورامی و کونسوڵی ڕووسیا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ كرد

ھەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا باسی ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. هەورامی دەڵێت: برەوی زیاتر بە پەیوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەدەین.
ئهمڕۆ چوارشەممە 31ـی تەممووزی 2024، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هاوکات، جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدراڵ کرایەوە.
هێمن هەورامی لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا، باسیان لە ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ برەودانی زیاتر بە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و فەرهەنگی و خوێندنی باڵاوە.




