٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپه‌ڕی KDP زانیارى نوێ لەباره‌ی ھاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم ده‌خاته‌ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستانی بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغدا کردووە و بڕیارە تا مانگی ھەشت مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوتاکراوی ڕەوانە بکرێت، کە کەمترین مووچە ٦٠٠ ھەزار دینار دەبێت.

سادق عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا لیستی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغدا بکات و بۆ ھاوتاکردنی مووچەش لیژنەیەک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتووە کە لە ٢٢-٦ دەست بەکاربووە و پێویستە لەماوەی دوو مانگ کارەکانی تەواو بکرێت و مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوتاکراوی ڕەوانە بکرێت، چونکە پارەی پێویستیش لەبەر دەست ھەیە و بەغدا لە مووچەی چەند مانگێک ٧%ی بۆ مووچەی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەران گلداوەتەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بڕێک پارەی لەبەردەست ھەیە و بەڵێنی داوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و بەشێک لەپارەی بەردەست تەرخان بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داھاتوو دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکرێت و مووچەی خانەنشینان بە ھاوتاکراوی ڕەوانە بکرێت.

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی ھەرێم ڕوونیشیکردەوە: بەپێی یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠١٤ کەمترین مووچەی خانەنشینی ٥٠٠ ھەزار دینار دەبێت و بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بڕیاریداوە ئەوەی مووچەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت بەھۆی ئەوەی بژێوی ژیان قورس بووە ١٠٠ ھەزار دیناریان بۆ زیاد بکات و کەمترین مووچە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەبێتە ٦٠٠ ھەزار دینار، بۆیە مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسا ھاوتای عێراق دەکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار