پاڵاوگە نایاساییەکانی دھۆک دادەخرێن

دھۆک - KDP.info - بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای دھۆک، باسی ھەنگاوەکانی باشترکردنی ژینگەی دھۆک دەکات و دەڵێت: یەکێک لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی دھۆک پاڵاوگە نایاساییەکانن، ھەموو لایەک کار دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو پاڵاوگانە، چونکە ئێستا لەکۆی نزیکەی ٤٠ پاڵاوگە تەنیا ١٢پاڵاوگە ماون، ئەوانەش دادخرێن.
دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕێژەی سەوزایی لە سنووری پارێزگای دھۆک، لەسەدا ١٣ بۆ ١٤ دەبێت و پێویست دەکات ڕێژەکە زیاد بکرێت، چونکە کاریگەری ھەیە لەسەر کەمبوونەوەی پلەکانی گەرما و تەندروستی مرۆڤ و پاک و خاوێنی کەش و ھەوا و ڕێگە نادات تۆز دروست بێت، ئێستا خەریکی دروستکردنی دوو پارکی گەورەین، یەکێک لەسەر ڕووبەری ٨٥٠ دۆنم زەوی، لە ئالۆکە دروست دەکرێت، ئەوەی دیکەش لە شوێنی پیشەسازی کۆنی دھۆک دروست دەکرێت و کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی دەبێت.
دڵشاد عەبدولڕەحمان گوتیشی: لە سنووری کواشێ نزیکەی ٤٠ پاڵاوگە ھەبوو، زۆرینەیان داخران، ئێستا نزیکەی ١٢یان بەتەواوی کاردەکەن کە ھۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەی دھۆکن و بڕیارە ئەوانەی دیش دابخرێن و شوێنەکەیان بکرێتە سەوزایی یاخود بکرێتە کارگەی دیکە.
عەبدولڕەحمان ڕوونیشیکردەوە: یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی دھۆک ھەبوونی موەلیدەی ئەھلین، ئەوانیش ھۆکارن، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێلی زۆر، بەتایبەت بارھەڵگرەکان، کێشەی موەلیدەکانیش تەنیا بە چارەکردنی کێشەی کارەبای نیشتمانی نامێنێت، بۆیە بێدەنگکردنی موەلیدەکان چارە نییە و پێویستە ئەو موەلیدانە نەمینێن و لەجیاتی ئەوە کارەبای نیشتمانی دابین بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا ھەر پڕۆژەیەک پەیوەندی بەژینگەوە ھەبێت، بەبێ ڕەزامەندی ئێمە مۆڵەتیان پێ نادرێت.
بڵند ئیبراھیم




