دۆستایەتییەكی دێرین و سەرەتایەكی نوێ لە پێوەندیی پارتی و یەكگرتوودا

ئەو كاتەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەم دواییەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد و وەكوو بەڵگەیەك بۆ نیشتمانپەروەریی ئەو حزبە باسی لێوە كرد، بێگومان ئەمە دەستپێكی سەرەتایەكی نوێ بوو لە پتەوكردنی یەكڕیزیی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان.
بارزانی كە بە حوكمی پۆستەكەی وەكوو سەرۆكی هەرێم بووەتە ئەندازیاری یەكگرتوویی لایەنەكان، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ گلەیی لەو لایەنانە كرد كە بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران نووری مالیكی یەكڕیزییەكەیان نەپاراستووە.
بارزانی لە میانەی چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ ئەمینداری نوێی یەكگرتووی ئیسلامی محەممەد فەرەج، ئەو بۆچوونانەی دەربڕی. سەرۆكی هەرێم بە مەبەستی پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی كۆنگرەی شەشەمی یەكگرتوو و دیاریكردنی ئەمینداری نوێ، سەردانی بارەگای تایبەتی محەممەد فەرەجـی كرد.
كۆنگرەی شەشەم و مافی سەربەخۆیی
گەلی كوردستان
محەممەد فەرەج كە پێش كۆنگرەی شەشەمی حزبەكەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو، بە كەسێكی نەتەوەیی ناسراوە و بەم دواییانە بەردەوام لە لێدوانەكانیدا باسی لە مافی سەربەخۆیی گەلی كوردی دەكرد.
جیا لەمە ئەو حزبە لە دواكۆنگرەی خۆیدا مافی چارەی خۆنووسینی بۆ گەلی كورد پەسند كرد و ڕەنگە ئەو دوو هۆكارە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر دڵخۆشكەر بن.
مەبەست لە دواهەڵوێستی یەكگرتوو، هاوڕایی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدایە بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران نووری مالیكی. ئێستاكە بە هۆی ئەو پرسەوە عێراق تووشی قەیرانێكی قووڵ بووە.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی 4 كورسییە و ئەوان سەرەڕای بوونی ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكان لە كوردستاندا، بەردەوام لە بەغدا یەكهەڵوێستیی خۆیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی لیستی كوردستانی پاراستووە.
ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێی وایە كە "رێگەچارەی عێراق لە هەولێرەوەیە بۆ گشت عێراقییەكان" و هەر بۆیە هیوایشی خواست ئەمە پاڵنەری یەكڕیزی و ئاشتەوایی نێو ماڵی كوردستان بێت.
بۆچوونی جیاواز ئاساییە، بەڵام هەندێ
شت تەحەمولی جیاوازی ناكات
محەممەد فەرەج لەگەڵ ئاماژەدان بە سەندنەوەی متمانە لە نووری مالیكی جەختیشی لەوە كردەوە كە وەك ئەركێكی نیشتمانی بە پێویستیان زانیوە لەگەڵ نەتەوەكەی خۆیاندا بن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لەو حزب و لایەنە كوردییانە گرت كە تا ئێستا بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بەو پرسە یەكلا نەكردووەتەوە. بارزانی گوتی: "بۆچوونی جیاواز شتێكی ئاساییە، بەڵام هەندێ شت تەحەمولی جیاوازی ناكات."
داهاتووی پێوەندییەكانی پارتی و یەكگرتوو
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە سێ كابینەی حكوومەتی هەرێمدا بەشداری كردووە و هاوكات وەكوو ئۆپۆزسیۆنیش كاری كردووە، بەڵام لە كابینەكانی شەشەم و حەوتەمدا بەشدار نەبووە.
ئەو حزبە كە ساڵی 1994 بە شێوەیەكی ڕەسمی لە سنووری جوگرافیی دەستەڵاتی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا خۆی ئیعلان كرد و دەستی بە كاری سیاسی كرد، تا ئێستا تووشی چەند خاڵێكی ناكۆكی بوونە لەسەر ڕووداوەكانی زاخۆ و دهۆك.
بە پێچەوانەی كۆبوونەوەكانی پێشوو، ئەم جارە لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمدا بۆ بارەگای تایبەتی ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، باس لە ناكۆكی و ڕووداوەكان نەكراوە.
خاڵی هاوبەش
ئەو دوو حزبە پارتی و یەكگرتوو خاوەنی سنووری جوگرافیایی هاوبەشن، جیا لەمە هەر دوو حزب لە دواكۆنگرەیاندا مافی دیاریكردنی چارەنووسیان بۆ گەلی كورد پەسند كرد. سەرەڕای ئەوەی كە پارتیی دیموكراتی كوردستان وەكوو حزبێكی دیموكراتیی عەلمانی ناسراوە، بەڵام ئەو حزبە ئێستایش ئایین بەشێكی سەرەكیی بنەماكانییەتی. ڕەنگە ئەمەیش ببێتە خاڵێكی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی.
ئەمانە خاڵی هاوبەشن و پێدەچێت داهاتووی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و كوردستان، داهاتووی سیاسەتی كاركردنی هاوبەشی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە یەكەوە ببەستێتەوە و پێوەندییەكانیان ڕوو لە هەڵكشان و نزیكبوونەوەی زیاتر بێت.
كاوە جەم - سایتی ههولێر




