متمانە وەرگرتنەوە لە دواقۆناغیدایە

واژۆی پێویست كۆ كراوەتەوە و پێدەچێت دوورخستنەوەی مالیكی لە دەستەڵات لە دواقۆناغیدا بێت. پەرلەمانتاران پێیان وایە دەبێ كورد لە ئەزموونی مالیكیــەوە وانە وەربگرێت و كەموكورتییەكان دووبارە نەكاتەوە.
كورد چی بكات؟
لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق لە فۆناغی كۆتاییدایە؛ ئەمەیش دوای ئەوەی واژۆی پێویست بۆ ئەو مەبەستە كۆ كراوەتەوە.
كورد دەبێ چی بكات، بۆ ئەوەی لە كاتی دانانی سەرۆكوەزیرانی تازەدا، هەمان ئەزموونی نووری مالیكی دووبارە نەبێتەوە؟
پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق د. سیروان ئەحمەد بۆچوونی وایە ئەوەی كە لە دوای مالیكیـیەوە دێتە دەستەڵات درێژەپێدەری هەمان سیاسەت دەبێت، بەڵام كورد سەنگێكی زیاتر پەیدا دەكات و پەیامێك بەو كەسە دەدات كە دوای مالیكی دێتە دەستەڵات.
سەرۆكی كوتلەی یەكگرتووی ئیسلامی لە بەغدا نەجیب باڵەتەیی دەڵێت كە بەدەستنەهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە بەغدا زۆر جار كەموكورتیی لایەنی كوردیشی تێدا بووە و پلان و دیدێكی ڕوون نەبووە، بۆیە دەبێ سوود لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگیرێت و ئەوەی كە لە دوای مالیكیـیەوە دێت، زەمانەتی لێ وەربگیرێت؛
ئەگەرچی دوورخستنەوەی سەرۆكوەزیرانی ئێستا ئەو پەیامە بەوانەی دواتر دەدات كە نابێ هەمان هەڵەكان دووبارە بكەنەوە.
پێشبینی ئەوە دەكرێت كە سەرۆكوەزیرانی داهاتوویش هەر لە شیعەكان بێت بەو پێیەی گەورەترین پێكهاتەی عێراق و ناو پەرلەمانیشن، بۆیە پەرلەمانتاری كۆمەڵ لە بەغدا فاتیح دارۆغایی پێی وایە شیعەكان ئەو كەسە دیاری دەكەن و لایەنەكانی دیكەیش ڕێككەوتنی لەسەر دەكەن.
واژۆ بۆچی؟
لابردنی نووری مالیكی پێیوستی بە 163 دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بەڵام زیاتر لەو ژمارەیە واژۆی كردووە كە پەرلەمانتارانی ئەم لیستانەن: كورد جگە لە گۆڕان ئەلعێراقییە، سەدرییەكان، چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ.
باڵەتەیی هۆكاری واژۆكردنی هەر چوار پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو بۆ مەسەلەی یەكڕیزبوون و یەكهەڵوێستیی كورد و یەكدەنگبوونی زۆربەی لایەنە عێراقییەكان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی پێیان وایە مالیكی بەرەو دیكتارۆییەت ڕۆییشتووە و مانەوەی قازانجی عێراق و كوردیشی تێدا نەماوە.
بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی، مەبەستیان پاراستنی یەكڕیزیی كوردە و پێیشیان وایە ئەگەر نادادپەروەری بە لێسەندنەوەی متمانە وەدی بێت، ئەوە لەگەڵیدا دەبن.
دكتۆر سیروان ئەو گومانانە بە ناڕاست دەزانێت كە باس لەوە دەكەن “یەكێتی” دوودڵ بوون لە واژۆكردن بۆ لابردنی مالیكی، بەڵام ڕای وایە كە كورد لەگەڵ خودی مالیكی كێشەی نییە و لەگەڵ حكوومەتدایە كە نەیتوانیوە بەڵێنەكان و كارنامەكەی جێبەجێ بكات.
ساختەكردن
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای مالیكی ڕەخنەی ئەوەیان گرتووە كە واژۆكان ساختەیان تێدا كراوە و دەبێ پێداچوونەوەیان پێدا بكرێت، هەر بۆیە داوایان لە تاڵەبانی كردووە لێكۆڵینەوە لە دروستیی واژۆكان بكاتەوە.
گوتەبێژی لیستی ئەلعێراقییە مەیسوون دەمەلۆجی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: “داواكەی مالیكی جێگەی بەزەییە و لە لاوازییەوەیەتی.
هەروەها چەندین ڕێگەی گرتووەتە بەر تا پەرلەمانتارانی لیستی ئەلعێراقییە پەشیمان بكاتەوە، بەڵام خۆڕاگر بوون.”
ئەو واژۆیانەی كۆ كراونەتەوە، لە لایەن خودی پەرلەمانتارانەوە كراون كە هەم ناوی خۆیان لە شێوەی “خەتمە”ـدا هەیە و هەم واژۆیشیان هەیە، بۆیە دكتۆر سیروان ئەو قسانە بە ناڕاست دەزانێت كە گومان لە ساختەكردنی واژۆكاندا دەكات.
كێشەكان
هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشەی چارەنەكراوی لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدادا هەبووە كە بۆ دوای ساڵی 1920 دەگەڕێنەوە.
بەڵام هەندێك بۆچوون هۆكاری هەوڵدان بۆ لابردنی مالیكی و كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی ئێستای عێراقدا، بۆ كێشەی شەخسی و حزبی دەگەڕێننەوە.
بە گوتەی باڵەتەیی ئەگەر هەوڵی لابردنەكە تەنیا لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بووایە، ئەوا ڕێی تێدەچوو كە بگوترێت كێشەكان شەخسی و حزبین، بەڵام لە ئێستادا ئەلعێراقییە و سەدرییەكان و هەندێك لایەنی دیكەیش لەناو شیعەكاندا هەن كە بە ئاشكرا بۆچوونیان دەرنەبڕیوە، بۆیە مەسەلەكە شەخسی نییە و كێشەكان لەگەڵ جۆری ئیدارەكردنی حكوومەتدان.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، ڕوونی دەكاتەوە كە هۆی لادانی مالیكی پێوەندی بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە كە نەتوانراوە جێبەجێ بكرێن.
لە دوای 2003ـەوە كۆمەڵێك كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە چارەنەكراوی ماونەتەوە، لەوانە: ماددەی 140، پێشمەرگە، بودجە، نەوت و گاز، دەستەڵاتەكان. بێجگە لەمانەیش مالیكی دوو ساڵە نەیتوانیوە پۆستی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ دیاری بكات و خۆیشی دەستی بەسەر ئاساییشی نیشتمانیدا گرتووە.
دانا وەهبی - سایتی ههولێر




