کوێستان محەممەد بۆ KDP: وەفدێکی وەزارەتمان بۆ سێ پرس دەچێتە بەغدا

ھەولێر-KDP.info- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی داوە وەفدێکی باڵای وەزارەت بۆ ھاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ عێراق و تۆمارکردنی ناوی ١٣ ھەزار خاوەن پێداویستی نوێ و لەگەڵ مووچەی چاودێری خێزان دەچنە بەغدا.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەزامەندی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە، وەفدێکی وەزارەتمان بڕوات بۆ بەغدا، بۆ باسکردنی سێ پرس".
وەزیری کار گوتیشی: "لە سەردانی وەفدەکەمان بۆ بەغدا سێ پرسیان لەگەڵ گفتوگۆ دەکرێت، یەکەمیان ناردنی ١٣ ھەزار ناوی نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمار بکرێن و مووچەیان بۆ ببەسترێت، خاڵی دووەم ھاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەتە لەگەڵ مووچەی خاوەن پێداویستی عێراق، ھاوکات خاڵی سێیەمیش مووچەی چاودێری خێزانە کە لەگەڵیان بە جدی لەوبارەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: "تەواوی ڕێکارەکانی ئەو سێ خاڵەی باسمان کرد، لای ئێمە ھەموو ئامادەکاریەکمان تەواو کردووە، ماوەتەوە وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆیە بەم زوانە وەفدێکی وەزارەت دەگاتە بەغدا".
لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٧٥٨٣ خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مانگانە مووچە وەردەگرن، کە دوو بەشن، ئەو خاوەن پێداویسته تایبەتەی مووچەی تری نەبێت مانگانە ١٥٠ ھەزار وەردەگرێت و ئەوەشی مووچەی تری ھەبێت بڕی ١٠٠ ھەزار دینار وەردەگرێت، ھەروەھا ١٣ ھەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی تریش چاوەڕێی بەستنی مووچەن بۆیان و ناوی خۆیان تۆمارکردووە و لیژنەی پزیشکی بینویانە".
عەزیز ڕەسووڵ




