عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP: حکوومەت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی بەبیابانبوون ڕێکاری گرتووەتە بەر

ھەولێر -KDP.info- ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، باسی ھۆکارەکانی بەبیابانبوون و ڕێگەچارەکان دەکات و دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ڕێگەگرتن لە بەبیابانبوونی خاكی ھەرێمی کوردستان، لەمێژە "بۆردی ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی" پێک ھێناوە کە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی ژینگە، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر تێیدا بەشدارن، کار دەکەن بۆ خستنەڕووی پێداویستییەکانی ھەر سێکتەرێک بەپێی ناوچە و پارێزگاکانی كوردستان و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان. ئەمەی خوارەوە، دەقی دیمانەكەیە:
* بەبیابانبوون چییە؟ بۆچی بووەتە جێگەی بایەخپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیھانییەكان؟
عەبدولڕەحمان سدیق: گرنگە بزانین دیارترین ڕەھەندەکانی بەبیابانبوون بریتین لە لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاک و گۆڕانی ڕووبەرێکی بەپیتی زەوی بۆ زەوییەکی کەمدەرامەت و ھەژار لە ڕووی ڕووەک و فرەجۆریی زیندەوەران و بەرھەمھێنانی کشتوکاڵییەوە، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەنجامی بدەین ئەوەیە، ھەوڵ بدەین بەبیابانبوون لە ھەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەت، چ بە ھەوڵەکانی خۆمان بێت یان بە ھەماھەنگیمان لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی خاوەن ئەزموون لەم بوارەدا، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێکیان کردووەتە ڕۆژی جیھانیی بەڕەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، بە مەبەستی خستنەڕووی مەترسییەکانی دیاردەی بەبیابانبوون و ئاسەوارە ترسناکەکانی وشکەساڵی.
*دەکرێت تیشک بخەیتە سەر دیارترین ھۆکارەکانی بەبیابانبوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: دیارترین ھۆکارەکانی بەبیابانبوون بریتین لە: خراپ بەکارھێنانی زەوی بەھۆی خراپ جێبەجێکردنی پڕۆسە کشتوکاڵییەکانەوە، لەوەڕاندنی ناڕەوا و لە سنوور بەدەر، بڕینەوەی دارستانەکان یان سووتاندنیان، خراپ ئاودێریکردن کە بڕێکی زۆری ئاو بەفیڕۆ دەڕوات، دیاردەی گۆڕانی کەشوھەوای جیھان و کەمیی باران، کشانی خۆڵ و لمی بیابان، ڕووتاندنەوەی زەوی بەھۆی دیاردە سروشتییەکانی وەک لافاو و نەبوونی درەختەوە، کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.
* ئایا نیشانەکانی دیاردەی بەبیابانبوون لای ئێمە دەرکەوتوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان بڕوانینە گرفتە ژینگەییەکان وەک کێشەیەكی گشتگیری جیھانی، چونکە زەوی و سیستەمە ئیکۆلۆژییەکەی، سەرچاوەی سەرەکیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتوان و گیانلەبەرانە، ئەمەش داوای زیاتر تەبایی و کۆکبوونمان لەگەڵ سروشت و زەوی لێ دەکات، لەپێناو دابینکردنی ھاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لەنێوان پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەوەکانی ئێستا و داھاتوو. وشکەساڵی وەک دیاردەیەک، بە نزیکەیی ھەر ١٠ ساڵ جارێک ڕووی لە ناوچەی ئێمە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەکاریی لە بەرامبەردا کراوە بۆ ڕێگەگرتن لە شوێنەوارە مەترسیدارەکانی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ڕێگەگرتن لە بەبیابانبوونی خاكی ھەرێمی کوردستان، لەمێژە "بۆردی ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی" پێک ھێناوە کە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی ژینگە، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسیی، نوێنەری وەزارەتی شارەوانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر تێیدا بەشدارن، بۆ خستنەڕووی پێداویستییەکانی ھەر سێکتەرێک بەپێی ناوچە و پارێزگاکان و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.
* چی کراوە بۆ بایەخدان بە سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستاندا؟
عەبدولڕەحمان سدیق: بۆ ڕێگرتن لە دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون، پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی یەکێک لە سەرەکیترین پێکھێنەرەکانی ژینگە بدەین، ئەویش ئاوە، لێرەوە پێکھێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو لە ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵی گەورەی ھەیە لە ئامادەکردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەکانی ئاو و کشتوکاڵ و ژینگە، هەروەها ھەوڵدان بۆ زیادکردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان و بنیاتنانی بەنداوی نوێ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا، چونکە ئاو وێڕای ئەوەی پێداویستییەکی ھەرە سەرەکیی ڕۆژانەی مرۆڤە، لە ھەمان کاتیشدا ڕۆڵی ئاو لە زۆر بواری دیکەشدا دیار و بەرچاوە، وەک پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون چونکە کورد دەڵێت: "ئاو و ئاوەدانی" ھەروەھا ئاو ڕۆڵی لە سەرھەڵدانی شارستانیەتەکاندا هەبووە و هەیە، لەم پێناوەشدا ئەوەی زۆر گرنگە، ھەبوونی ئیرادەیە بۆ کۆکردنەوەی ئاو و ھەبوونی ئیدارەشە، بۆ چۆنییەتیی بەکارھێنان و دابەشکردنەوەی ئاو بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و بایەخدان بە بڕ و جۆری ئاو، لەپێناوی پاراستنی ھەمەجۆریی زیندەوەران و "بایۆدایڤیرسیتی" و باش ڕاگرتنی ھاوسەنگیی ژینگەی و سەرخستنی ئاوی نێو ڕووبارە قووڵەکان بۆ ئاستی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەڕێگەی ترومپا و پەمپی تایبەتەوە، سەرپۆشکردنی ڕووبارەکان بە پانێڵی بەرھەمھێنەری وزە لە تیشکی خۆر زۆر پێویستە، ھەروەھا ناوپۆشکردنی ڕووبارە لاوەکییەکانیش بەماددەی تایبەت و گۆڕینی کاری کشتوکاڵی لە شێوازی کۆن بۆ شێوازی زیرەکی کشتوکاڵکردن و کۆتاییھێنان بەو شێوازە کلاسیکییانەی ئاودان و ئاودێریی، دابەشکردنی عادیلانەی ئاو لەنێوان وڵاتان و یەکە ئیدارییەکان و دوورکەوتنەوە لە چەمکی ترساندنی ژینگەیی و قەدەغەکردنی بەکارھێنانی پێکھێنەرەکانی ژینگە لەجەنگدا بەگشتیی و ئاو بەتایبەتی.
* ڕۆڵی کشتوکاڵ و دارستانەکان و نەمامگەکان چین لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبووندا؟
عەبدولڕەحمان سدیق: لەگەڵ باسکردنی ڕۆڵی ئاو لە کۆتاییھێنان بە وشەکەساڵی، گرنگە ئاماژە بە ڕۆڵی کشتوکاڵ، دارستانەکان و نەمامگەکان بدەین لە بەڕەنگاربوونەوەی بەبیابانبووندا، لە ڕێگەی کاراکردن و کارکردنی یاسای پاراستنی دارستانەکان و پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و پۆلێنکردنی نەمامگەکان لە ڕووی ژمارە و سوودمەندبوون لێیان و چارەکردنی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و چارەکردنی بەنداوە کۆنەکان و دیزاینکردنی بەنداوە پێشنیازکراوەکان و کەمکردنەوەی ھەڵکەندنی بیری نوێ و پاراستنی ئاوی ژێر زەویی.
* تا چەند ھاوئاھەنگی و ھاوکاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەکانی کەمکردنەوەی دیاردەی بەبیابانبوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: هاوئاهەنگی ھەیە و بەردەوامە و کاری باشیشمان لەم بوارەدا کردووە، وەک: بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەیی و ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی و داڕشتنی یاسا و ڕێنوێنی لەبارەی چەمکی بەبیابانبوون، دروستکردنی بەنداو و گۆل و پۆند بۆ کۆکردنەوەی ئاوی لافاوەکان بۆ ئاودێری و ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سەردەمییانەی ئاو و ئاودێری، دوورکەوتنەوە لەو شێوازەی کشتوکاڵکردن کە زیان بە پێکھێنەرەکانی ژینگە دەگەیەنێت، بەکارھێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە و ھەوڵدان بۆ ھاوردەکردن و بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ، لەگەڵ دروستکردنی پارێزراوە سروشتییەکان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پشتێنەی سەوز.
بڵند ئیبراھیم




