٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابەکر زێباری ھۆکاری سەرەکیی ئەو کردەوانەی داعش بۆ KDP ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داعش تاوەکو ئێستا لە عێراق چالاکە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات. دەشڵێ، ھۆکاری سەرەکیی ئەو چالاکی و کردەوانەش، بۆ نەبوونی سەقامگیریی سیاسی دەگەڕێتەوە، چونکە تاوەکو عێراق لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر نەبێت، داعش چالاک دەبێت و مەترسییە.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زیادبوونی کردەوەکانی داعش لە عێراق بە گشتی و ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەتی، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە داعش ھێشتا چالاکە و ھۆکارەکەشی زیاتر بۆ ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە دەگەڕێتەوە، هەروەها دۆخی سیاسی لە عێراق سەقامگیر نییە و تاوەکو بەو شێوەش بێت داعش ھەر چالاک دەبێت، چونکە داعش ماوە و کۆتایی نەھاتووە، لەبەر ئەوەی پشتگیری لە داعش دەکرێت و ھاوکارییان دەکرێت، بۆیە ھەر کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".

زێباری گوتیشی: "ئەوەی گرنگە ھەرێمی کوردستان ھێڵێکی بەرگریی بەھێزی دروست کردووە و داعش توانای نییە ئەو ھێڵە ببەزێنێت، ئەگەر ئەوەش بکات، خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕێگە نادەن کارێکی لەو شێوەیە بکەن، بۆیە داعش ھیچ مەترسییەکی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان نییە و مەترسییەکانی زیاتر بۆ سەر عێراقن، لەبەر ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشتر تەواوی پێداویستییەکانی بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە دابین کردووە".

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "بۆ ئەوەی چارەسەری کۆتایی ئەو کێشەیە بکرێت و داعش نەمێنێت، پێویستە دۆخی سیاسیی عێراق ئارام بێت و ئەو بۆشاییەی ھەیە پڕ بکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە و ئێستا دەست بە دابەشکردنی دوو لیوای ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکاندا کراوە، کە بەپێی پێویستیی ناوچەکان، ھێزەکان دابەش دەکرێن و ئەو بۆشاییانەی ھەن، بەو دوو لیوایە پڕ دەکرێنەوە".

دەشڵێ: "ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش ھاوکارن و لە ھەر شوێنێک مەترسیی گەورە ھەبێت، ئەوان ھاوکاری دەکەن، بۆیە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەمیشە ھاوکارن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار