٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران بۆ KDP باسی نهێنیى سەرکەوتنەكانی كابینەی ٩ دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پێنچ ساڵ بەسەر سوێندخواردنی مەسروور بارزانی، وەک سەرۆکی حکوومەتی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، کە بە ئیرادەی بەهێز و پاڵپشتیی خوا و گەلی کوردستان، بەسەر قەیران و پیلانگێڕییەکاندا زاڵ بوو، چاودێران و مامۆستایانی زانکۆ و جووتیارانیش دەڵێن، ئەوە مەسروور بارزانییە، توانیویەتی حکوومەتێکی بەهێز بەردەوامی پێ بدات لەم دۆخەدا و شۆڕشی ئاوەدانی و چاکسازی لە هەموو کوردستاندا درێژەی هەبێت.

د. نەجیبە ئیبراهیم، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسروور بارزانی، لە ساڵی ٢٠١٩ متمانەی پەرلەمانی کوردستانی پێ درا، کە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی لە بەرنامەی ئەم کابینەیەدا بوون و بەرنامەی کابینەكەش لە پەرلەمان پەسەند كرا، گرنگترین خاڵەكانی كارنامەی كابینەكەش، بریتی بوو لە ڕووبەڕووبوونەی گەندەڵی و چاکسازیی ئیداری و دارایی، هەروەها چاکسازی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و بونیادنانی حکوومەتێکی دیجیتاڵی، لەگەڵ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "ئەم کابینەیە هەر لە لەدایکبوونیەوە کێشەی ئابووری و سیاسیی گەورەی هەبوو و لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کابینەیەدا ڕووبەڕووی دوو گرفتی گەورە بووەوە، ئەویش، یەکەم: دابەزینی نرخی نەوت کە قەیرانێکی ئابووریی گەورەی بۆ هەرێم دروست کرد، دووەم: بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی کابینەی نۆیەم و ئیرادەی گەورەی سەرۆکی حکوومەت، ئەمانە نەبوونە ڕێگر بۆ ئەوەی بەردەوام نەبێت لە کارەکانی، بۆیە دیارترین ئەو چاکسازیانەی لە کابینەکەدا کراون، لەم چەند خاڵەدا دەخەینە ڕوو: بڕینی هەزاران مووچەی نایاسایی، کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیژی و دانانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی گرنگ لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، کەمکردنەوەی پارەی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا، هەنگاونانی بەردەوام بۆ حکوومەتی دیجیتاڵی بە تایبەتی هەژماری من، کە گرنگترین پڕۆژەیە".

ئارام بامۆکى، چاودێرى سیاسى، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کابینەى نۆیەم، توانى بابەتە ئیدارییەکان توندوتۆڵ بکاتەوە و شەفافییەت بێنێتە کایەوە و بتوانێت ئەو قەیرانانەى هەبوون تێبپەڕێنێت، لە ڤایرۆسى کۆرۆنا و بڕینى بودجە و مووچەى کوردستان و ڕاگرتنى هەناردەى نەوت، خۆڕاگر بوو بەرامبەر هەموو ئەو تەحەددیانەی لە بەردەمیدا هەبوون".

بامۆکی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو پیلانانەى هەبوون بۆ کۆتاییهێنان بە حکومڕانیی کوردستان، لە گۆڕ نران، ئێمە لەسەر پێی خۆمانین و بەرەو هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوەى پەرلەمان و دامەزراوەکانى تایبەت بە یاسادانان دەچین تا متمانە لە گەلەوە وەربگرنەوە".

دەشڵێ: "ئەم حکوومەتە کارى لەسەر تەواوکردنى پڕۆژە تەواونەکراوەکان کرد، پڕۆژەى نوێشى دەست پێکرد لە کەرتەکانى کشتوکاڵ و بەنداو و ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان".

خەسرەو جاف، جووتیارى نموونەیى لە شارەزوور، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى گوت: "کابینەى نۆیەم بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى، بەهێز بوو بەرامبەر ئەو هەموو قەیرانانەى ڕووبەڕووى بوونەوە، بە وردى کار لەسەر تێپەڕاندنى قەیرانەکان کرا و بە هێزەوە لەسەر پێی خۆى ڕاوەستا، نهێنیى سەرکەوتنەکەش بە بڕواى من ئەوەیە، چاکسازى لەم کابینەیەدا درێژەى پێ درا و سەرچاوەکانى دارایی فرەچەشن کران".

ئەو جووتیارە دەڵێ: "ئەم کابینەیە سەردەمێکى زێڕینی بۆ پەرەپێدانى کشتوکاڵ و دۆزینەوەى بازاڕى دەرەکى بۆ بەرهەمى جووتیاران ڕەخساند و پاڵپشتى بەردەوامى جووتیاران بوو، هەر وڵاتێک ژێرخانى کشتوکاڵى بەهێز بوو، ئەوە ئەو وڵاتە ئابوورییەکى بەهێزى دەبێت و سەبەتەى خۆراکێکى تەندروست دەخاتە بازاڕى خۆى و بازاڕى ئەو دەوڵەتانەى هاوبەشى و ئاڵوگۆڕى بازرگانیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى لەگەڵ دەکات".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار