وەزیری کار له KDPیهوه زانیاریی نوێ لهبارهی ههلی كار لە کوردستان ڕادەگەیەنێت

هەولێر-KDP.info- لە ماوەى تەمەنى کابینەى نۆیەمی حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەزاران گەنج لە سەنتەرەکانى ڕاهێنان بەشداریى خولیان کردووە لە هەردوو ڕەگەز، کە بوونەتە خاوەنى پیشەى خۆیان یان هەلی کاریان لە کەرتى گشتى و تایبەتدا بۆ ڕەخسێندراوە و بوونەتە خاوەنی کارى خۆیان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، ساڵى ٢٠٢٤ ئامارى بێکارى بە ڕێژەیەکى بەرچاو دابەزیووە.
کوێستان محەممەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بە دوو شێواز هەلى کارمان بۆ گەنجان لە هەردوو ڕەگەز ڕەخساندووە، یەکەمینیشیان ئەوەیە، لەم کابینەیەدا، زیاتر لە ٥٠٠ کەسمان لە دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتمان دامەزراندوون و ساڵى ٢٠٢٤یش ئامارى بێکارى بە ڕێژەیەکى بەرچاو دابەزیوە".
ناوبراو گوتیشى: "ڕێگاى دووەم کەرتى تایبەتە، ئەویش بە دوو شێواز بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئێمە ١٠ سەنتەرى ڕاهێنانى پیشەییمان هەیە، سێ لە سەنتەرەکانیش لەم کابینەیەدا کردووماننەتەوە، کە سەرجەمیان بە هۆى قەیرانى داراییەوە لە چالاکى وەستابوون، بەڵام ئێمە چالاکیمان تێیاندا دەست پێکردووەتەوە، ڕاهێنانى جیاواز لە خولى پیشەییدا بۆ گەنجان دەکرێنەوە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەى کردوومانە، ٣٠%ی ئەوانەى بەشداریى ڕاهێنانەکان دەکەن، بوونەتە خاوەنى کارى خۆیان".
وەزیری کار ڕوونیشی دەکاتەوە: "لە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان بەشى بەکارخستنمان هەیە، ڕۆژانە ئەو شوێنانەى پێویستییان بە دەستی کار هەیە، ئەو گەنجانەى لامان ناویان تۆمار کراون و ڕاهێنانیان کردووە، لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دەیانخەنە سەر کار".
دەشڵێ: "خواست زۆرە بۆ بەشدارى لە خولە پیشەییەکاندا، کە باڵانسى جێندەرییمان ڕاگرتووە، ئەگەر لە خولەکانمان ژمارەى ژنەکان زیاتر نەبن، ئەوا لەگەڵ پیاوەکاندا هاوتایە".
وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، بە ئامار ڕوونى دەکاتەوە کە چەند خول کراونەتەوە و چەند گەنج هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە و دەڵێ: "ساڵى ٢٠٢١، ١٥٢ خول کراونەتەوە و بەشداربووانیش ٢٢١٦ کەس بوون، ساڵى ٢٠٢٢، ١٢٤ خول کراونەتەوە و ١٨٧٨ کەس بەشدار بوون، ساڵى ٢٠٢٣، ١٦٥ خول کراونەتەوە و ٢٢٣٤ کەس بەشدار بوون".
ئاماژەى بەوەش کرد: "ساڵى ٢٠١٩، ٣٧٣٥ کەس لە هەردوو ڕەگەز ناویان تۆمار کردووە کە بێکارن، ١٢٧٢ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە ٥٦٥ کەس دامەزراون، ساڵى ٢٠٢٠، ٣٤٨٢ کەس لە هەردوو ڕەگەز ناویان تۆمار کراوە کە بێکارن، ٦٩٠ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە و ٦٥ کەس دامەزراون، ساڵى ٢٠٢١، ٤٦٨٨ گەنج ناویان تۆمار کردووە بێکار بوون، ٢٥٦٨ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە و ٧٧٧ کەس دامەزراون، ساڵى ٢٠٢٢، ٨٦١٨ کەسی بێکار ناوى خۆیان تۆمار کردووە، ٢٤٢٥ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە و ٣٧٤ کەس دامەزراون، ساڵى ٢٠٢٣، ٢٢٠٤ بێکار ناویان تۆمار کردووە، ١١٥٨ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە و ٤٤٦ کەس دامەزێندراون، ساڵى ٢٠٢٤، ٣١٩ کەس وەک بێکار خۆى تۆمار کردووە، ٣٨٤ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە و ٢٠ کەس دامەزێندراون".
عەزیز ڕەسووڵ




