٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ نەمسا کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتیی ئەورووپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی نەمسا کاریگەری زۆر باشی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت، چونکە نەمسا وڵاتێکە بڕوای بە چارەی ئاشتییانەی کێشەکان ھەیە.
د.دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ نەمسا زۆر گرینگە و لە خزمەتی دیپلۆماسیەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان دایە، بەتایبەت ئەگەر بۆ خەڵکێک گرینگ بێت بۆ ئێمە گرنگترە دیپلۆماسیەتی گرنگمان ھەبێت، نەمساش وڵاتێکی گرنگی یەکێتی ئەورووپایە لە ناوەڕاستی ئەورووپایە و کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ھەیە، بۆیە ئەم سەردانە لەم ھەلومەرجە بۆ ھەرێمی کوردستان گرینگە و زۆر باشە و دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە لەنزیکەوە گوێ لە بیروڕای بواری جیا جیای ھەرێمی کوردستان بگرن، چونکە ناوچەکە و جیھان لە قەیرانێکی ئابووری و شەڕ و کێشەی دیکە دایە، بۆیە ئالوگۆڕی بیروڕا و دیپلۆماسیەت دەریچەیەکی چارەسازە.
د.دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: نەمسا یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاتر بڕوای بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەی ئاشتییانە ھەیە، لەکاتی شەڕی سارد ڕۆڵی ھەبوو، چونکە لەڕووی جیۆپۆلۆتیکی و شوێنی هەڵکەوتنەکەی کە لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتە و ئەزموونی زۆری ھەیە و بەرپرسە سیاسییەکانیشی زانیاریان لەبارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد و ھەرێمی کوردستان هەیە، سەرۆک بارزانیش پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ نەمسا ھەیە، ئەو پەیوەندییە بۆ پێش دروستبوونی  حکوومەتی ھەرێم و شەڕی ئازادی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە بڕوایان بە بوونی کورد ھەیە، بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ھەرێمی کوردستانیش بەدوای ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیاندا دەگەڕێت، ئەو وڵاتانەش بەدوای ئەوە دەگەڕێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار