بەشیر حەداد بۆ KDP: سەردانەکەى سەرۆک بارزانى گۆڕانکاریى گەورە دروست دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانى، لە سەردانێکى فەرمیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سیاسى و حکوومیى عێراق و باڵیۆزى دەوڵەتان کۆبووەوە، چاودێرانى سیاسى و شەقامى کوردستانییش، بە گرنگییەوە لە دەرئەنجامەکانى دەڕوانن بۆ چارەسەرکردنى تەواوەتیى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا.
دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "سەردانەکەى سەرۆک بارزانى، جیاوازە لە هەموو ئەو شاندانەى پێشتر سەردانى بەغدایان کردووە، جەنابى سەرۆک بارزانى، وەک کاریزمایەکى سیاسى، کاریگەریى زۆرى هەیە لەسەر ڕەوتى سیاسیی عێراق و ناوچەکە، ئێستا عێراق بەرەو قۆناخێکى نوێ دەڕوات، حکوومەتى سوودانى هەنگاوى ئەرێنیى زۆر باشى ناوە لە ئاستى پێوەندییەکانى بەغدا و هەولێردا، ئەو نیازپاکییەش بیندرا، بۆیە سەرۆک بارزانى سەردانى بەغداى کرد و جەختى کردەوە لەسەر نیازپاکی، هەر کاتێک بەغدا بێتە پێشەوە، ئێمە ئامادەین پێوەندییەکانمان بەهێز بکەین".
حەداد دەڵێ: "لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆک بارزانى دیدارى گرنگى هەبوو لەگەڵ باڵیۆزى دەوڵەتانى ئەمەریکا و ڕووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و چین، هەروەها لەگەڵ سەرکردە حکوومى و سیاسییەکانى عێراقدا".
ئاماژەى بەوەش کرد: "سەردانەکەى سەرۆک بارزانى، دەبێتە فاکتەرێکى گرنگ بۆ چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشە عێراقییەکانیش، بە تایبەتى کێشەى نێوماڵى سوننە، زیاتر لە حەوت مانگە سەرۆکى پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، ناوماڵى سوننە لێک نزیک دەکاتەوە، هەروەها ڕێککەوتنى شنگال هەنگاوەکانى دەست پێدەکات بۆ چارەسەربوون".
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوەى ئەنجوومەنى پارێزگای مووسڵ کردى، پێچەوانەى ماددەى ١٤٠ى دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکانە، کە کراون، نابێت لایەنێک بەتەنها بڕیار بدات، بۆیە هەنگاوێکى گرنگ بوو بە ڕاگرتنى بڕیارەکانى ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە، هەمووشیان هەڵدەوەشێنەوە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتى بابەتەکە چارەسەر دەبێت".
گوتیشى: "ئومێد دەکەین لەگەڵ سەردانەکەى سەرۆک بارزانى بۆ بەغدا و بوونى کۆبوونەوەى گرنگ لەگەڵ سەرکردەکانى عێراق و ئەو نیازپاکییەى هەیە، کێشەى بودجە و مووچەى کوردستان چارەسەر بکرێت، بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى باش بوو، بەغداش دەبێت پەندى لەوە وەرگرتبێ کە هەر کاتێک پێوەندیى لەگەڵ هەرێم ناڕێک بێ، زیانەکانى بەسەر خۆشیدا دەشکێتەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




