٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: عێراق نایەوێ سەرژمێری لە کەرکووک بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پسپۆرێکی جوگرافیای سیاسی پێی وایە، ھەموو پرۆسەکانی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەستکاری کراون و دەشڵێ: ئەگەر خاڵی نەتەوە لانەبرێت ئەستەمە سەرژمێری لەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

پرۆفیسیۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆر لە جوگرافیای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٥٧ لە عێراق باشتربوو لە سەرژمێرییەکانی دوای خۆی،  چونکە لە ھەموو پرۆسەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان دەستکاری ھەبووە، ھەر ئەوەش ھۆکارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق نەیویستووە پرۆسەی سەرژمێری گشتی بەڕێوە بچێت، لە سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٥٧ ڕێژەی کورد زیاتر بووە لە ٤٨%ی دانیشتوانی کەرکووک و عەرەب ٢٨%ی دانیشتوان و تورکومانیش ٢١%ی کەرکووک بووە.

ئەو پسپۆرەی جوگرافیای سیاسی دەشڵێت: ھەموو ئەو سەرژمێرییانەی کراون لە کەرکووک کورد لە ڕەوشێکی خراپدا بووە لەوەی دەسەڵاتی نەبووە و عێراق ئەجێندای خۆی جێبەجێ کردووە، بەھۆی پرۆسەکانی بەعەرەبکردن ھەر جارێک سەرژمێری ئەنجامدرابێت ڕێژەی کورد کەمی کردووە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دەستکاری نەکرێت ڕێژەی کورد لە کەرکووک زۆر زیاترە.

پرۆفیسیۆر خەلیل ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بڕیارە ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێری گشتی بەڕێوە بچێت، بە بڕوای من ئەگەر ئەو خاڵەی پەیوەستە بەنەتەوە لانەبرێت لەنێو سەرژمێرییەکە عێراق بەھانە دەھێنێتەوە و پرۆسەکە ناکرێت، چونکە ئێستا ڕەوشی کورد باشترە لە کەرکووک و ناتوانن خەڵکی کورد لەسەر نەتەوەی دیکە ھەژمار بکەن.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار