٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدوڵرەحمان سدیق: کابینەی نۆیەم زۆر ھەنگاوی ناوە بۆ باشترکردنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندازیار عەبدوڵرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و چارەسەریەکانی دەکات و دەڵێت، پێویستە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاکمان ھەبێت چارەسەری گرفتەکانی گواستنەوە بکەین و ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان زیاد بکەین، بەجۆرێک کاریگەری لەسەر سامانی ئاو نەبێت و ئەو دارانە بچێنین کە ئاوی کەمیان پێویستە.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەی عەبدوڵرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان

* گواستنەوەو ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوە لەچ بارودۆخێکدایە؟

لەبەر ئەوەی ماوەیەکە ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستاندا دوو ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئیدی جێگەی خۆیەتی ھەڵوەستەیەکی ورد لەبارەی قەیرانی ھاتوچۆوە بکرێت، کە ئەمڕۆ بۆتە یەکێک لە دیاردە نەخوازراوەکانی نێو کۆمەڵگە، چونکە گواستنەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ھەنگاو دەنێت بەجۆرێک ساڵانە درێژایی ڕێگەو بانەکان زیاتر دەبن و شەقامی نوێ دروست دەکرێت و ھۆکاری گواستنەوەی زیاتریش دروست دەکرێت یان ھاوردە دەکرێن، ئەمە جگە لەوەی لە ئاستی جیھانیشدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوە بۆ دوو ئەوەندە زیادیان کردووە و، بە جۆرێک لە ھەندێک وڵاتدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوان ھەریەکەو ھۆکارێکی گواستنەوە یان زیاتری خۆیانیان ھەیە.

* کاریگەریی زیادبوونی ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوە لەسەر ژینگە و پێکھێنەرەکانی چییە؟

دیارە زیادبوونی ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوە لەلایەکەوە کاریگەریی ئەرێنی و پۆزەتیفی ھەیە بۆ گواستنەوەی خێراو کار ئاسانی و بەیەک گەیاندنی خەڵک، بەڵام لە ھەمانکاتیشدا کاریگەریی نەرێنی و نێگەتیفی ھەیە کاتێک دەبێتە ھۆی بەکاربردنی بڕێکی زۆری دەرامەتە ژینگەییەکان، وەک بەکارھێنانی زەوی بۆ ڕێگەوبان و کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزایی و بەکاربردنی بڕێکی زۆری وزەی وەک بەنزین و گاز بۆ ئەم مەبەستە و لە ئەنجامیشدا پیسبوونی ھەوا بەگازەکانی ئۆکسیدەکانی کاربۆن و نایترۆجین و ھایدرۆکاربۆنەکان و گەردی تۆزو خۆڵ و ژاوە ژاو.

*چی کراوە بۆ کەمکردنەوەی زیانی ھۆکارەکانی گواستنەوە؟

وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ھەنگاوی ناوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و ڕاگرتنی ھاوسەنگیی لە نێوان ژینگەو پەرەپێداندا وەک:

١- بایەخدانی زیاتر بەھۆکاری گواستنەوەی گشتی لەڕێگەی چاککردنی ھێڵەکان و بەکارھێنانی ھۆکاری گواستنەوی تازەو قەبارە مامناوەندیی و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ھۆکاری گواستنەوەی تایبەت.

٢- بایەخدان بەڕێگەوبانەکانی ناوخۆی شارەکان و دەرەوە و چاککردنی ڕێگەوبانەکان بەجۆرێک کە جووڵەی ھۆکارەکانی گواستنەوە ئاسانتر بکات و ڕێگەوبانەکانیش لە قەرەباڵغیی و خنکانی ھاتوچۆ رزگار بکات.

٣- ھەوڵدان بۆ چاککردنی جۆرەکانی بەنزین و گازو چاککردنی مەکینەکان بەجۆرێک کەمترین بڕی ماددەی زیانبەخش بخەنە ھەواوە و نزمترین ئاستی دەنگیش دەربکەن بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژاوەژاو.

٤- کارکردن لەسەر بەرھەمھێنانی سوتەمەنی وەک ئیسانۆل یان ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی یان ھایبرێد، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ھۆکاری گواستنەوە لەناوخۆی ھەرێمدا.

٥- دوورخستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان لەفڕۆکەخانەکان و ڕەچاوکردنی کاریگەریی ئەم خاڵە لە ماستەر پلانی شارەکاندا و کارکردن بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی بواری فڕۆکەوانیی.

٦- کارکردن لەسەر چەمکی گواستنەوەی بەردەوام و پارێزراو، چونکە سیستەمی گواستنەوە کاریگەریی زۆری ھەیە لەسەر ژینگە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بەتێگەیشتن ھەیە لەچەمکی گواستنەوەی بەردەوام یان پارێزراو.

*مەبەست چییە لە چەمکی گواستنەوەی بەردەوام و پارێزراو؟

مەبەست لەچەمکی گواستنەوەی بەردەوام یان پارێزراو، وەک بەشێک لە گەشەپێدانی بەردەوام، بەپێی بۆچوونەکانی یەکێتی ئەورووپا لەبواری گواستنەوەدا ئەوەیە کە پێویستە گواستنەوەی بەردەوام یان پارێزراو ئەم سیفەتانە لەخۆ بگرێت وەک:

یەکەم: ئاسانکاریی بۆ گەیاندنێکی ئارام و سەلامەت بکات و تەبا بێت لەگەڵ تەندروستی مرۆڤ و ژینگە.

دووەم: بەنرخێکی گونجاو بێت و بەتوانایەکی باش کار بکات و پابەند بێت بەکاتەکانی ھاتن و چوونەوە.

سێیەم: زیاتر لەجۆرێکی ھۆکاری گواستنەوە دابین بکات.

چوارەم: گازە زیانبەخشەکان و ژاوەژاوی کەم بێت، تا بکرێت کارەبایی و، وزەی نوێبوەوەو پاک بەکاربێنێت.

* چی بکرێت لەکاتی ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێل و ھۆکاری گواستنەوە؟

ئەمڕۆ لە کوردستان شەقامەکانمان پڕبوون بەھەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل، کە ھەریەکەیان لەشوێنێکی جیھاندا دروستکراون، بەڵام پێویستە وەک جەخت دەکەینەوە لەسەر ساڵی دروستکردن و مۆدیلی ساڵانەی ھۆکارەکانی گواستنەوە، گرنگیشە جەخت بکەینەوە لەسەر شوێنی ھاتن و دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، چونکە ئۆتۆمبێلەکانی ھەندێک وڵات بۆ نموونە (ژاپۆن) لەباشترین جۆرەکانن لەڕووی پاکڕاگرتنی ژینگەو پیس نەکردنی ھەواوە بەجۆرێک ئەوان بەردەوام لەھەوڵدان بۆ ئەوەی غازەکانی ئەگزۆز کەم بکەنەوەو، پلانیشیان بەرەو ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلەکانیان لەدواجاردا بە ئۆتۆمبێلی ژینگە ناوبنرێن، بۆیە لەم بوارەدا زۆر گرنگە کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم لەکاتی مۆرکردنی گرێبەستەکانی ھاوردەکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوەدا، پێوەرە ژینگەییەکان لەبەر چاوبگرێت، بەمەش زەمینەیەکی لەبار دروستدەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر یاساکانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ بکرێن، ھەروەھا زیاتر لەبیری ھاوردەکردنی ھۆکاری گواستنەوەی گشتی بێت چونکە ھەتا گواستنەوەی گشتییمان نەبێت، ژینگەمان پارێزراو نابێت.

* پەیوەندیی چییە لەنێوان زیادبوونی ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوەو ژمارەی دانیشتوان؟

زیادبوونی ژمارەی ھۆکارەکانی گواستنەوە مانای زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیش دەگەیەنێت، بەتایبەت بەپێی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوان لە شارەکاندا دەژین و  یەک لەسەر سێی لەگوندەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، بۆیە کۆبوونەوەی ئەم ژمارە زۆرە لەدانیشتووان لەنێو شارەکاندا زۆر کێشەی ژینگەیی دروست دەکات لەوانە:

١- زیادبوونی قەبارەی زبڵ و خاشاک.

٢- پیسبوونی زیاتری ھەوا بەھۆی ھۆکارەکانی ھاتوچۆوە.

٣- کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی لە نێو شارەکانداو ، زۆر کێشەی دی.

* پێوەرەکان چین لەبارەی ڕووبەری سەوزایی پێویست لەشارەکاندا.

ئەوەی پەیوەستە بەڕووبەری سەوزاییەوە، بەپێی پێوەرەکان پێویستە لە دیزاینی شاردا چەند مەرجێکی ژینگەیی لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە: -

یەکەم: دەبێت ھەر کەسێک لە نێوان (١.٥ - ٢.٥) مەتر دووجای لە باخچەو ڕووبەری سەوزایی بەربکەوێت لە گەرەکەکەی خۆیدا.

دووەم: بەپێی پێوەری جیھانیی مافەکانی مرۆڤ، دەبێت ھەرکەسێک لە شارەکەی خۆیدا لە نێوان (١٥ - ٢٠) مەتر دووجای لە باخچەو ڕووبەری سەوزایی بەربکەوێت.

سێیەم: پێویستە بەلای کەمەوە لە ١٥%ی رووبەری شارەکان، ڕووبەری سەوز بن.

* سوودە ژینگەییەکانی ڕووبەری سەوزایی چییە؟

یەکەم: ڕووبەری سەوزایی ڕۆڵی بەرچاوی ھەیە لە ھەڵمژینی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و بەرھەمھێنانی ئۆکسیجین.

دووەم: ڕۆڵی ھەیە لە کەمکردنەوەی تینی تیشکی ڕۆژ.

سێیەم: ڕۆڵی ھەیە لە ڕێگرتن لە ڕەشەباو گەردەلوول.

چوارەم: ڕۆڵی ھەیە لە ئارامکردنەوەو چاکترکردنی باری دەروونی مرۆڤ و کەمکردنەوەی گرژیی دەروونیی.

*شارەوانییەکانی خۆمان چی بکەن لەپێناو زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی؟

گرنگە شارەوانییەکانی خۆمان بەردەوام بن لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگەییەکانی وەک :-

١-  سووربوون لەسەر ئەوەی کە ڕووبەرێکی دیاریکراوی خانووەکان بکرێنە باخچە.

٢- زیاترکردنی باخچەو پارکی گشتی لە نێو شارەکانداو ڕێگەگرتن لە بەخانووکردن و کارگەکردنی ئەو زەوییانەی کە لە دیزانیی بنەڕەتی شاردا بۆ باخچە دانراون.

٣- لەبەر پاراستنی سامانی ئاوو ئەو درەخت دارانە بچێنرێن کە ئاوی کەمیان دەوێت و سیستەمی ئاودانی بەدڵۆپ پەیڕەو بکرێت و درەختەکانیش لە جۆری ھەمیشە سەوز بن.

٤- بەردەوام ڕاگرتنی پەیوەندیی نێوان ڕووبەری سەوزایی و ژمارەی دانیشتووان.

٥- خێراکردن لە دروستکردنی پشتێنەی سەوز بە دەوری شارەکاندا.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار