سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری ماددی قوتابیانی شنگال دەکات

شنگال -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دھۆک گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵانە ھاوکاری پێشکەشی ئەو قوتابیانەی شنگال دەکات کە لە دھۆک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، ئەمساڵیش ھاوکارییان پێشکەش دەکرێت و شوێنیشیان بۆ دابین دەکرێت.
ماموستا عومەر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمساڵ ئەو قوتابیانەی لە کەمپەکان دەژن تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بە ئاسایی ئەنجام دەدەن و ئەوانەی لە شنگال و دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن و ناتوانن لەوێ تاقیکردنەوە بکەن و دێن لە سێمێل و سنووری ھەرێمی کوردستان تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن و ژمارەیان ٨١٠ قوتابییە، ساڵانە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری ماددیان پێشکەش دەکات، ئەمساڵیش ھاوکاریان دەکات و فەرمان دەرچووە و لەم ڕۆژانە پارە بەسەر سەرجەمیاندا دابەش دەکرێت، ھەر قوتابییەکی ئاسایی ١٢٠ھەزار دینار و ئەوانەی یەک دووبابەتی ھەیە ٥٠ھەزار دیناریان پێدەدرێت کە کۆی گشتی دەکاتە ٨٩٤ملیۆن٣٠٠ھەزار دینار، ئەمەش ھاوکاریەکی باشە بۆ ھاتوچۆ و کەمبوونەوەی خەرجی قوتابیان.
ماموستا عومەر عەلی گوتیشی: تاوەکو دۆخی شنگال بەو شێوەیە نائاسایی بێت ھاوکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان بەردەوام دەبێت، بۆیە جگە لە ھاوکاریکردنیش شوێنیشیان بۆ دابین کراوە، چونکە زیاتر لە ٣٠٠ قوتابی کچ وکوڕ لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ نیشتەجێن و ئەوانەی دیکەش لە ماڵی کەسوکاری خۆیانن، ھەر قوتابیەکیش شوێنی نەبێت دەتوانێت بێت شوێنی بۆ دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکانی خۆیان بێ گرفت و بەئارامی ئەنجام بدەن.
بڵند ئیبراھیم




