عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP: سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی کار و پلانەکانی دەستەی ژینگەیە

ھەولێر-KDP.info- لە ڕۆژی جیھانیی ژینگەدا، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و تێیدا باسی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە لە بواری ژینگە ناویەتی و دەڵێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی باشمان دەکات و پلانی زۆر باشمان لە بواری ژینگە داناوە و کاری لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، کە کار لەسەر دوو پڕۆژەی گرنگی تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا دەکەین بە ھەماھەنگی لەگەڵ (بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان).
ئەمەی خوارەوە تەواوی دیمانە تایبەتەکەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان.
ھۆی دیاریکردنی ڕۆژێکی جیھانی بۆ ژینگە لە چیدا بوو؟
*بە دەرکەوتنی شوێنەوارە نەرێنییەکانی پێشکەوتنی مرۆڤ لە بواری پیشەسازی و بیناسازی و دروستکردنی کارگە و زیادبوونی لەڕادەبەدەری ھۆکارەکانی گواستنەوە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەکارھێنانی بێسنووری پێکھاتەکانی ژینگە، گوێنەدان بە چارەنووسی نەوەکانی ئایندە، کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی، فراوانبوونی ئاسۆیی شارەکان، زیادبوونی دەنگ و ژاوەژاوی کارگە و ھۆکارەکانی گواستنەوە، تێکئاڵانی دیمەنە ناھۆرمۆنییەکان و ئازاردانی ھەستی بینین، کەمیی ھۆشیاریی ژینگەیی و...ھتد، ھەموو ئەمانە توێژەران و کاربەدەستان و دۆستانی ژینگەی ھان دا بۆ ئەوەی ھەڵوەستەیەک بکەن لە ئاست ئەم گرفتانەدا و بۆ ئەمەش دەنگی ناڕەزایی و زەنگی ئاگاداری لە زۆر لاوە بڵند بووەوە و ئەوە بوو لە ڕێککەوتی (٥-٦-١٩٧٢) لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید یەکەم کۆبوونەوەی ژینگەیی لەسەر ئاستی جیھان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ساز کرا و، بڕیار درا ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیھانیی ژینگە.
دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی چییە لە قووڵکردنەوەی ماناکانی ئەم ڕۆژە؟
*لەو ڕۆژەوەی کە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی (١٦)ی نیسانی ھەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی ژینگە لە ھەرێمی کوردستاندا، دەستەی ژینگە بەردەوام لە ھەوڵدا بووە بۆ ئەوەی ڕۆژی ژینگە لە ھەرێمی کوردستاندا تەنھا ڕۆژێک نەبێت بۆ باسی ژینگە، بەڵکو کار دەکات بۆ ئەوەی ھەموو ڕۆژەکانی ساڵ ببنە ڕۆژی ژینگە و ئەم بۆنەیەش ببێتە دەروازەی بیرخستنەوە بۆ ھۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەپارێزیدا و، بۆ برەودان بە ڕۆڵی کۆمەڵگەی کوردستانی لە گۆڕینی ھەڵوێستەکانیان بە ئاراستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و، ھاوکات دروستکردنی ڕۆشنبیرییەکی ژینگەپارێزی لەلایان، ھەروەھا بۆ سەرنجڕاکێشانی سیاسەتمەداران و دروستکارانی بڕیار لە ھەرێمی کوردستاندا بەلای پرسەکانی ژینگەدا و، دروستکردنی بایەخپێدانێکی باشتری ناوخۆیی بە ژینگە و پێکھێنەرەکانی لە ڕێگەی پابەندکردنی ھاووڵاتیان بە یاساو ڕێنماییە ژینگەییەکانەوە.
گرنگترین ھەنگاوەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا چین لە بواری گۆڕانی کەشوھەوادا؟
*ئاشکرایە کە گۆڕانی کەشوھەوا سەرتاسەری جیھانی گرتووەتەوە و، ئاسەوارەکانیشی وەک دەرکەوتوون جۆراوجۆرن، جا لەبەر ئەوەی نشینگەی تەواوی مرۆڤەکان تەنھا یەک ژینگەیە، مەترسییەکانیش کە ھەن ھاوبەشن و بۆ ھەمووانن، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ژینگەیی بە ئاراستەی دەستگرتن بە سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و پاراستنی ئاسایشی ئاو و بوونی سیستمێکی نوێ بۆ ئاوەڕۆکان و بوونی میکانیزمێکی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆکان لەگەڵ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی زیندەجۆرەکان.
ھەر لەم بوارانەشدا ڕێزدار سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر:
١- بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداربوون لە کۆنگرەی جیھانیی ساڵانەی لایەنەکان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی بەڕێزیان.
٢- ڕەزامەندی لەسەر پێکھێنانی تیمی تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
٣- ڕەزامەندی لەسەر پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای جیھانییەوە وەک لایەنی سێیەم بۆ ھەڵسەنگاندن.
٤- دانانی ڕاوێژکاری تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا لە نووسینگەی بەڕێزیان.
٥- ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژە ژینگەییەکانی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان.
٦- بەرزکردنەوەی بەشی گۆڕانی کەشوھەوا لە دەستەی ژینگە بۆ ئاستی فەرمانگە.
٧- فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە لە بەرھەمھێنانی کارەبادا وەک ئاو و سۆلار.
٨- کردنەوەی یەکەی وزە نوێبووەکان لە پێکھاتەی وەزارەتی کارەبادا.
٩- سوودوەرگرتن لە غازی ھاوەڵ و بەکۆگاکردنی بەشێکی و، بە بەکارھێنانی بەشێکی دیکەی لە بەرھەمھێنانی وزەی کارەبادا.
چی لە پلانی دەستەی ژینگەدا ھەیە بۆ ئایندەی نزیک لە بواری تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا؟
*دەستەی ژینگە بەردەوامە لەسەر کارە ژینگەییەکانی بە گشتی و کارە تایبەتەکان بە گۆڕانی کەشوھەوا وەک:
١- ئامادەکردنی پلانی نێوخۆیی و خۆگونجاندن بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان.
٢- سەرکەوتنی نوێنەری دەستەی ژینگە بۆ بوون بە ئەندام لە لیژنەی دانوستاندنی نێودەوڵەتیی تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا.
٣- بەشداربوونی ساڵانەی دەستەی ژینگەو نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی جیھانیی ساڵانەی لایەنەکان لە ھەریەک لە بەریتانیا و میسر و ئیمارات.
٤- کارکردن لەسەر دوو پڕۆژەی گرنگی تایبەت بە گۆڕانی کەشوھەوا بە ھەماھەنگی لەگەڵ (بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان) کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: پڕۆژەی پلانی وەبەرھێنان لە کەشوھەوادا.
دووەم: پڕۆژەی کەمکردنەوەی گونجاوی نێوخۆیی.
چۆن و بە چ ھەنگاوێک لە جێبەجێکردنی ئەم ئامانجانە سەرکەوتوو دەبن وەک دەستەی ژینگە؟
*لە پێناوی باشتر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی نێو بەڵگەنامەی پشکدارییە نیشتمانییەکان و بەجێھێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و بووژاندنەوەی کەرتە زیانلێکەوتووەکان بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا، کە ھەندێک لە ئاسەوارەکانی لە ھەرێمی کوردستانیشدا دەرکەوتوون، ئەمڕۆ ئێمە لە دەستەی ژینگە ھەوڵ دەدەین بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگەمان لە ڕێگەی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای ھاوڕێی ژینگە و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری وەبەرھێنانی ژینگەییدا و، بەو پڕۆژانەش کە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانیدا، بە ئەنجامدانی پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و بە ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی لە ڕێگەی ڕێکخراوە ژینگەییە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەکان و، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بڵند ئیبراھیم




