٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەمید رووکن عادل زەنگەنە بۆ KDP: داعش مەترسی ھەیە بۆ سەقامگیری عێراق

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بەرپرسێکی سەربازی پێی وایە، پاشماوەکانی گرووپی تیرۆرستی داعش لەناو عێراق ھەر ماوە و مەترسین بۆ سەقامگیری عێراق، بەڵام قەبارەکەی بەو شێوەیە نیە ھێرش ئەنجامبدات.

عەمید رووکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو لایەک دەزانێ داعش کۆتایی نەھاتووە و پاشماوەکانی ھەر ماوە لەناو عێراق، بەڵام زۆر لاواز بووە لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ھەیە بۆ سەقامگیری عێراق و ناوە ناوە دەیەوێ نیشانی بدات کۆتایی نەھاتووە، بەس توانایی ھێرشی نییە تەنیا دەتوانێت کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن".

لەبارەی ئەو ناوچانەی داعش خۆی تێدا حەشارداوە بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "لە زۆر ناوچەی عێراق پاشماوەی چەکدارانی داعش ھەن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی پارێزگای سەلاحەددین و دەورووبەری بەغدا و کەرکووک و ھەندێ ناوچەی دیکە".

عەمید رووکن عادل جەبار زەنگەنە جەختی کردەوە: "بڵاوەپێکردن و جێگیرکردنی لیوا ھاوبەشەکان کاریگەری دەبێت لەسەر سنوردارکردنی جووڵەی چەکدارانی داعش، چونکە ئێمە ئێستا خەریکی جێگیرکردنی لیوا ھاوبەشەکانین لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە و مەترسیان لەسەرە لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن، لەبەر ئەوە دەبێتە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی دەرفەت نەمێنێ لەبەردەم تیرۆرستان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە بەکاربێنن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار