٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەنجانی سۆران بۆ KDP: میوانی شارەکانی ترمان كە دێن دەڵێن سۆران ناناسینەوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی سۆران دەڵێن، بە ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندان پڕۆژەی گرنگ لە دەڤەرەکەمان جێبەجێ کراون، ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و ژێرخانی پڕۆژەکان و ئێستا لە هەموو سێکتەرەکاندا پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ دەکرێن، بۆیە کاتێک میوان دێتە شارەکەمان پێمان دەڵێن، سۆران تەواو پێشکەوتووە، هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئایینیش ستایشی کارەکانی كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی دەکەن.

شاباز حوسێن، چالاکی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک دەستی ئاوەدانیی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درێژ کردووە، ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ سۆران خراونەتە بواری جێبەجێکردن و ئەو چوار پڕۆژەشی لە ڕۆژی ڕابردوودا بەردی بناغەی بۆ دانا، بووەتە جێگای خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی هاووڵاتییانی سۆران، پڕۆژەکانی سۆران بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، هەلی کاری زۆری بۆ لاوان ڕەخساندووە، هەروەها لە ڕۆژانی ئایندەدا کارگەی ڕیساکلین دادەمەزرێت و ئەمەش دەبێته هۆی دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ سەدان هاووڵاتیی سنوورەکە، گەر بەراوردێکی سۆران بکەین لە کاتی قەزابوون و ئیدارەی سەربەخۆ، جیاوازیی زۆر گەورە دەبینین، هاوڕێم هەیە لە شارەکانی ترەوە سەردانیان کردووم گوتوویانە بەڕاستی سۆرانمان نەناسیوەتەوە و زۆر پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی و خزمەتگوزاریی ڕێگاوبانی بۆ جێبەجێ کراوە، بۆیە ئێمەی خەڵکی دەڤەرەکە بەڕاستی دەستخۆشیمان هەیە و مامۆستایانی ئایینیش سوپاسی ئیدارەی شارەکەیان کردووە، سۆران لەگەڵ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا هاوسنوورە و دەروازەی لەگەڵیان هەیە، دەتوانین بڵێین ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بووژاونەتەوە".

دهۆک بەڕۆژی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی ئافرەتان لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ سۆران، بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک و کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک بوو، لە کابینەی نوێدا، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بووژانەوەی ئابووریی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت لە سێکتەری گەشتیاریدا، هەروەها چەندان پڕۆژەی دیکە کە تەواو نەکرابوون، لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکان کارکردن تێیاندا دەستی پێکردەوە و تەواو کران، لەگەڵ دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی نوێ، کە ئەمانە گرنگیی زۆریان دەبێت بۆ ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ سنوورەکەمان، ئێمە هاوسنوورین لەگەڵ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، بۆیە شارەکە پێویستی بە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری هەیە، گرنگی دراوە بە کەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی، ئەوەش وای کردووە، ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز بێتەوە و هەلی کار زیاد بکات و بووەتە جێگای خۆشحاڵیی هاووڵاتیان".

سدیق کوێستانی، ڕۆژنامەنووس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیوکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، بەڵێنی زۆرترین کردار و کەمترین لێدوان بە کوردستانیان درا، ئەمەش وای کرد هاووڵاتیان بە ئومێدەوە گەشبین بن و چاوەڕوانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکانیان دەکرد".

کوێستانی گوتیشی: "لە دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری گەیەندرانە سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی ئیدارە و قەزا و ناحیەکان، چەندان پڕۆژەش لە قۆناغەکانی کۆتاییدان، لە دوایین سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ سۆران، بەردی بناغەی چوار پڕۆژەی گرنگی دانا کە نزیکەی 100 ملیار دینار تێچووەکەیانە، ئەمەش خەمخۆری و بە کردار کارکردنی تیمی حکوومەتە بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی قارەمانی سۆران، هاووڵاتییانی سۆرانیش دڵخۆشن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان".

سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی چوار پڕۆژەی گرنگ ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا 33 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بودجەی 21 ملیار و 500 ملیۆن دینار خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار