٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان: شۆڕش زیندووکردنەوەی بزاڤی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە چلوهەشتەمین ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان دەڵێن، شۆڕش توانی بزاڤی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردی زیندوو بکاتەوە و شۆڕشەکەش درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو.

سالم ڕەشۆ، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان گوتی: "لە سەرەتای بەرپابوونی شۆڕشی گوڵاندا، خەڵکی کوردستان پەیتا پەیتا هاتنە ناو شۆڕش و شۆڕشیش بوو بە هیوای گەلی کورد، بۆیە هەموو چین و توێژەکان بە گوڕوتینەوە هاتنە ناو شۆڕشەوە".

سالم رەشۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەگەر شۆڕشی گوڵان نەبووایە، بە سەدان هەزار خەڵک ڕادەگوێزران و تەعریب دەکران، چونکە رژێمی بەعس دەیویست خەڵکی کوردستان لەناو ببات".

دەشڵێ: "شۆڕشی گوڵان، شۆڕشێکی سەرتاسەریی گەلی کوردستان بوو، کە هەمووان پشکدارییان تێدا کرد و ئەم شۆڕشەش توانی دوژمن تێک بشکێنێت".

کەریم سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، ئاماژەی دا: "ئێزدییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبوو و هەرگیز ناتوانین ڕۆڵی سەرکردەی شەهید مەحموود ئێزدی نادیدە بگرین، مەحموود ئێزدی نەک تەنیا لە نێو ئێزدیان، بگرە لە تەواوی بادیناندا بە کوردپەروەر و قارەمان و نیشتیمانپەروەر ناسرابوو، کە توانی بەرپرسیارێتیی شۆڕش لە ئەستۆ بگرێت و تەحەددای ڕژێمی ئەوکات بکات، جگە لەوەش زۆر سەرکردە هەبوون، وەک سلۆ خدر و چەندانی دیکە، کە شانبەشانی شەهید مەحموود ئێزدی پشکداری شۆڕش بوون".

کەریم سلێمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو کاتەی چووینە ناو شۆڕشەوە، ژمارەیەکی زۆری ئێزدیان لەنێو شۆڕشدا بوون لە هەموو ناوچەکان و ڕۆڵێکی مەزنیان لە هەڵگیرسانی شۆڕشدا هەبوو".

هاوکات فەرەج میرزا بێتناری، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای شۆڕشی ئەیلوول، بە پیلانگێڕییەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، کورد تووشی نسکۆیەکی گەورە بوو، نەک تەنیا لە کوردستان، بگرە لە پارچەکانی تریش تووشی بێئومێدی بوون و دوژمنانی ئێمەش بەوە دڵخۆش بوون و وایانزانی کە کورد شکستیان لە شۆڕشدا هێنا".

بێتناری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولدا، کورد توانی سەرکردایەتییەکی نوێ بە ناوی سەرکردایەتیی کاتی دروست بکات، لە شۆڕشی گوڵانیشدا تەکتیکێکی نوێی سەربازی و ڕێکخستنی نوێ و شەڕێکی نوێش هاتە کایەوە".

گوتیشی: "شۆڕشی گوڵان توانی هیوایەکی تر بداتە بەر ڕۆحی بەرگریی کوردان و بە خوێنێکی گەنجانەوە هاتنە نێو کۆڕی خەبات و تێکۆشان و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە درێژەیان بە شۆڕشی نوێ دا، کە دواجار شکۆی دوژمن شکا و شۆڕش بوو بە داینەمۆی سەرکەوتن و ڕزگاریی گەلی کوردستان".

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار