٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار بۆ KDP: چاوەڕێی مەڕسوومین بۆ یەکەم قایمقامی خورماڵ

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژى پێنجشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەڕسوومى سەرۆکایەتیی هەرێمى بۆ بەقەزابوونى خورماڵ واژۆ کرد، ئێستا چاوەکان لەسەر دانانى یەکەم قایمقام و تەواوکردنى ڕێکارەکانى بەقەزابوونى شارەکەن، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجەش باس لەوە دەکات، ڕێکارەکانى هەیکەلیەتی بەقەزابوونى شارەکە باش دەڕۆن و مەڕسوومى سەرۆکایەتیى هەرێمیش بۆ دانانى قایمقام پێویستە.

کاوە عەلى، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى راگەیاند: "پاش ئەوەى فەرمانە هەرێمییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، کە خورماڵ لە ناحیەوە بووەتە قەزا، وەزارەتى ناوخۆ و پلاندانان لە تەواوکردنى ڕێکارەکانى بەقەزابوونى شارەکە ئاگادار دەکرێنەوە".

عەلى گوتیشى: "پێویستە بۆ دەستبەکاربوونى یەکەم قایمقامى خورماڵ، ئەنجوومەنى وەزیران فەرمانى بۆ دەربکات و بەپێی یاسایی ژمارە ١ى ساڵى ٢٠١٥ پێویستى بە فەرمانى هەرێمى هەیە بۆ دامەزراندن و دەستبەکاربوونى قایمقام".

ناوبراو دەشڵێ: "گەشبینین بەوەى هەنگاوە ئیدارییەکانى بەقەزابوونى خورماڵ خێراتر بکرێن بۆ پێکهێنانى ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەى لە سنوورى قەزاکەدا دەکرێنەوە، تا پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، هەنگاوى باشیش بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانى تایبەت بە بەقەزابوونى خورماڵ نراوە".

رۆژی ٣٠-٧-٢٠٢٣، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای راسپاردنی وەزیری ناوخۆ لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بە قەزاکردنی خورماڵ، لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە راسپێردرا.

رۆژى ٩-٥-٢٠٢٤، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانى، پاڵپشت به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌به‌ر رۆشنایی داواكاریى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، بڕیارى دا به‌ هێنانه‌كایه‌ى قه‌زاى خورماڵ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌مان سنوورى ئێستاى ناحیه‌ى خورماڵ.

قەزاى خورماڵ، کە لە ٤٦ گوند پێکدێت و ڕێژەى دانیشتووانەکەى ٢٤ هەزار و ٥٠٠ کەسە بەپێی فۆڕمى خۆراک، ناوچەیەکى گرینگى گەشتوگوزارى و باخدارى و کشتوکاڵییە و ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانى دەکەن.

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار